ئیمام ئۆغڵو بناسە کە ئیستانبوڵی لەژێر دەستی ئەردۆغان دەرهێنا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 02/04/2019‌ :: 1763‌ جار بینراوە
ئیکرام ئیمام ئۆغڵو، پارێزگاری نوێی ئیستانبوڵ

دواڕۆژ

لەگەڵ سەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵدا، قسەکان زیادیان کردوە دەربارەی ئەو پیاوەی مێزەکەی لەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا هەڵگەڕانەوە.

ئەو کاندیدەی ئۆپۆزسیۆن ناوی ئیکرام ئیمام ئۆغڵوە، توانی لە هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵدا براوە بێت و پێش بیناڵی یەڵدرم، سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا بکەوێت کە رەجەب ئەردۆغان داینابوو بۆ ئەوەی شەڕی پایتەختی بازرگانی تورکیا بباتەوە.

ئیمام ئۆغڵو، ئەردۆغان و حیزبەکەشی توشی شۆک کرد کاتێک توانی 4.159.650 دەنگ بەدەستبهێنێت بەرامبەر 4.131.761 دەنگ کە یەڵدرمی کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بەدەستیهێنابوو، ئەمەش وایکرد گرنگترین کورسی لەهەڵبژاردنی ئەو شارەوانییە لە ئاکەپە بسەنرێت.
 
پارێزگاری نوێی ئیستانبوڵ دەبێتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیدا کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەنجامدەدرێت.

سەرەتاکانی ئیمام ئۆغڵو

ئیمام ئۆغڵو، کاریزمایەکی بەرزی هەیە، لەساڵی 1970 لە شاری تەرابزۆن لە باکوری خۆرهەڵاتی تورکیا لەدایکبووە، رێڕەوی ژیان و پێگەیشتنی هاوشێوەی ئەردۆغان بووە.

دەرچووی زانکۆی ئیستانبوڵە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە کارگێڕی کاردا هاوشێوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کە هەمان بڕوانامەی هەیە لە زانکۆی مەرمەرە.

هاوشێوەی یەکتریش هۆگری یاری تۆپی پێن و یاریزانیش بوون، ئەردۆغان وەک یاریزانێکی نزیک لە بەناوبانگەوە بووە و ئیمام ئۆغڵوش یاری کردوە لەگەڵ تیپێکی تۆپی پێدا.

ئۆغڵو لە سەرکەوتن بەردەوامبووە لە چەندین بواردا کە یەکێک لەوانە بەڕێوەبردنی کۆمپانیای تایبەت بە کاری بونیادنان بووە، هەروەها یانەی ترابزۆن سپۆرتی بۆ تۆپی پێ بنیاد ناوە و بەڕێوەی بردوە کە لە ماوەیەکی پێوانەییدا بووە بە یەکێک لە یانە باشەکانی خولی مومتازی تورکیا.

کاروانی سیاسی

سەرکەوتنەکانی لە کارگێڕی کاردا وایلێکردوە رووبکاتە سیاسەت و بووە ئەندامێکی دیاری پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزسیۆن لەساڵی 2008دا کە ئەردۆغان ئەو سەردەمە سەرۆک وەزیران بوو.

لە هەمان ساڵدا ئەردۆغان سەرۆکایەتی وڵاتی گرتە دەست و پێگەی جەماوەری ئیمام ئۆغڵوش بەرەو فراوانبوونی زیاتر رۆیشت لە ئیستانبوڵ تا دیاریکرا وەک پارێزگاری ناوچەی بیلیکدۆزو کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی بەشە ئەوروپییەکەی ئیستانبوڵ.

ئێوارەی یەکشەممە 31ی ئازاری 2019 ئیمام ئۆغڵو سەلماندی کە رکابەرێکە ناکرێت بە ئاسانی لێی بڕوانرێت ئەوەش دوای ئەوەی کورسی پارێزگاری ئیستانبوڵی بەدەستهێنا کە گەورەترین شاری تورکیایە و 15 ملیۆن کەس تیایدا نیشتەجێیە.

پێشتریش خەڵکی ئیستانبوڵ لەساڵی 1994دا دەنگیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دا وەک پارێزگاری ئیستانبوڵ کە ماوەی فەرمانڕەواییەکەی چوار ساڵ بوو، ئەوەش رێی بۆ خۆشکرد تا سەرۆکایەتی وڵات بڕوات.

لەئێستاشدا ئیمام ئۆغڵو لە بەشی سەرەوەی گرنگترین شارە تورکییەکانە لەڕووی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە، ئەمەش وایلێکردوە کاتی پێویستی لەبەردەمدابێت بۆ فراوانکردنی پێگەی جەماوەری خۆی تا ساڵی 2023 کە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیایە.

ئا: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە