سەركردەیەكی پارتی: لەگەڵ یەكێتی دەگەینە رێككەوتن

هەواڵ / کوردستان :: 01/04/2019‌ :: 2239‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: خاڵی جیاوازییان لەگەڵ یەكێتی ئەوەیە یەكێتی داوای شەش وەزارەتیان كردووە و پارتیش پێی وایە بەرکەوتەی ئەوان پێنج وەزارەتە، بەڵام پێیوایە دەگەنە رێككەوتن.


بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمشەو 1ی نیسانی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند: نێوان ئەوان و یەكێتی جیاوازییەكی وای نەماوە تەنها لەسەر هەندێك پۆستە كە یەكێتی داوا دەكات، پێشیوایە لەئەنجامدا دەگەنە رێككەوتن.

 

بڵند وتی : "خاڵی جیاوازییان ئەوەیە یەكێتی لەدوایین كۆبوونەوە داوای شەش وەزارەتیان كردبوو، ئەوانیش پێیانوابوو بەركەوتەی ئەوان پێنج وەزارەتە، بەڵام ئەوەش دوا بڕیار نییە، بەڵكو ئێستاش لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی هەیە و پێموایە دەگەینە رێككەوتن".

ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە پارتی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەوان ئامادەنین جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاد بكەن واتە بیكەنە دوو جێگر كە یەكێكیان بۆ یەكێتی بێت، بەڵام بڵند ئیسماعیل ئاشكرایكرد: ئەوەش لەگفتوگۆدایە، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی نەدراوە و زەحمەتیش نییە.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure