له‌ ناوچه‌یه‌كى كوردستانى باران و لافاو چه‌ند خانوویه‌كی روخاند

هەواڵ / کوردستان :: 01/04/2019‌ :: 1310‌ جار بینراوە
دروستبوونى لافاو له‌ خانه‌قین

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

له‌ شارى خانه‌قین به‌هۆى بارانبارینى به‌خوڕ چه‌ند خانویه‌ك رووخان و چه‌ندین ماڵیش ئاویان تێچووه‌، هاوکات بەهۆی پڕبوونی بەنداوی دەربەندیخانەوە ئاوەکە زیاتر بەردەدرێتەوەو هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتیان. 


سه‌میر محه‌مه‌د، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانى خانه‌قین (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ى نیسانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى بارانبارینى به‌خوڕ كه‌ له‌ ماوه‌ى سێ كاتژمێرى رابردوودا ناوچه‌كه‌ى گرته‌وه‌ و ئێستاش به‌ ئاستێكى كه‌متر به‌رده‌وامى هه‌یه‌، چه‌ند خانوویه‌ك له‌ خانه‌قین رووخان كه‌ هۆكاره‌كه‌شى زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆنى خانووه‌كان كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌كیان به‌ گڵ و دار دروستكرابوون و تواناى به‌رگریان نه‌مابوو به‌ تایبه‌تیش كه‌ ئه‌مڕۆ بارانه‌كه‌ زۆر به‌هێزه‌. 

وتیشى: "بارانه‌كه‌ بووه‌ته‌هۆى دروستبوونى لافاو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین خێزان ئاو چووه‌ته‌ ماڵه‌كانیانه‌وه‌ و تووشى زیانى ماددى هاتوون و له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ترسى زیادبوونى ئاوى ئه‌ڵوه‌ن زیاتر هاووڵاتیانى نیگه‌ران كردووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئاوى رووباره‌كه‌ زیاتر بكات ئه‌وا ده‌ڕژێته‌ نێو شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه‌". 

سه‌میر محه‌مه‌د باسیشى له‌وه‌كرد: هاوكات له‌گه‌ڵ بارانى به‌خوڕ و لافاو چه‌ند بومه‌له‌رزه‌یه‌كیش ناوچه‌كه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر كه‌مى گوڕه‌كه‌ى زۆربه‌ى هاووڵاتیان هه‌ستیان پێیان نه‌كردووه‌. 

لاى خۆشیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى وت: له‌ ئه‌نجامى ئه‌و باران و لافاوه‌ى ناوچه‌كه‌ى گرتووه‌ته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ حاڵه‌تێك تۆمارنه‌كراوه‌ و هیچ زیانێكى گیانى نه‌بووه‌. 

پێشتر محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، قایمقامى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى وت: ته‌واوى تیمه‌كانى ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ حاڵه‌تى نه‌خوازراو به‌ هاناى هاووڵاتیانه‌وه‌ بچن و هاوكات رێوشوێنى پێویستیش گیراوه‌ته‌به‌ر له‌ رووى پاككردنه‌وه‌ى پرده‌كان و رێڕه‌وى ئاو له‌ چه‌مه‌كان و هه‌روه‌ها لابردنى مه‌نهۆڵه‌كان. 

هاوكات شه‌هاب ئه‌حمه‌د قایمقامى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ لایه‌ن به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ هۆشداریان پێدراوه‌ كه‌ له‌به‌ر زۆربوونى ئاستى ئاوى به‌نداوه‌كه‌و به‌رده‌وامى باران، ڕێژه‌ى به‌ردانه‌وه‌ى ئاوى به‌نداوه‌كه‌یان زیاتر كردووه‌، به‌مه‌ش ئاستى رووباره‌كه‌ به‌رزترو فراوانتر ده‌بێته‌وه‌. 

وتیشى: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هۆشدارى ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیانى گوند و گه‌ڕه‌ك و خاوه‌ن ئاژه‌ڵ و پڕۆژه‌ و جوتیاره‌كانى نزیك ڕووبارى سیروان به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى زۆر نزیكن له‌ رووباره‌كه‌وه‌ له‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ دووشه‌ممه‌ تاوه‌كو ئاساییبوونه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ خۆتان به‌ دور بگرن و پێویسته‌ هه‌مووان ئاگاداربن".
 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure