وه‌زیرێكى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌درێته‌ دادگا

هەواڵ / ئابوری :: 01/04/2019‌ :: 7945‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌هۆی رێگریكردن له‌ پڕۆژه‌یه‌كی گواستنه‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ نه‌ورۆز مه‌ولود وه‌زیری شاره‌وانی و سامان محه‌مه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر ده‌درێنه‌ دادگاو خاوه‌نی سكاڵاكه‌ش ده‌ڵێت: سبه‌ی یه‌كه‌م دانیشتنی دادگایی كردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت". 


ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كۆمپانیایه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی سیتی پاسی هه‌ولێری ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد و له‌ مانگی ته‌مموزی هه‌مان ساڵ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ دا و دواتر به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردن پڕۆژه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی كرا، به‌ڵام به‌ پێی وته‌ى خاوه‌نی پڕۆژه‌كه‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر رێگرن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌. 

محه‌مه‌د زه‌ند، خاوه‌نی كۆمپانیای باند كه‌ پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كات به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ مانگی نیسانی 2018 له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم رێككه‌وتوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی سیتی پاسی هه‌ولێر، به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌رجاره‌و به‌ بیانوویه‌ك له‌لایه‌ن به‌رپرسانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر رێگری له‌ پڕۆژه‌كه‌ ده‌كرێت. 

وتیشی: "ئه‌وان ده‌ڵێن نابێت پڕۆژه‌كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت جێبه‌جێی بكات و ئێمه‌ش له‌ دادگا سكاڵامان له‌سه‌ر وه‌زیری شاره‌وانی و سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر تۆماركردووه‌و سبەینێش یه‌كه‌م دانیشتنی دادگاییكردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت". 

هاوكات سامان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی شاره‌وانی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و كۆمپانیایه‌ داوای دوو پارچه‌ زه‌وی كردووه‌ كه‌ یه‌كێك له‌و زه‌ویانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو سنووری فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر كه‌ ئه‌مه‌ش ناگونجێت له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ئاوا جێبه‌جی بكرێت و به‌ خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌یان وتووه‌ له‌ شوێنێكی تر زه‌ویه‌كه‌یان پێده‌ده‌ن، به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ پێداگری ده‌كات كه‌ زه‌وییه‌كه‌ی سنوری فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێری پێبدرێت".

به‌پێی گرێبه‌ستی پڕۆژه‌كه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئه‌ڵمانی كراوه‌ 120 پاس پێشكه‌وتوو و سه‌رده‌میانه‌ كه‌ به‌بڕی 33 ملیۆن و 600 هه‌زار یۆرۆ كڕدراوه‌و له‌سه‌ر خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌شه‌ له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ساڵێك ئه‌و پاره‌یه‌ بداته‌ كۆمپانیاكه‌.
 
محه‌مه‌د زه‌ند وتی: "گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ پاره‌كه‌ نه‌ده‌مه‌ كۆمپانیا ئه‌ڵمانیه‌كه‌ ده‌بێت بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ وه‌ك سزا بده‌مه‌ هه‌مان كۆمپانیا".

پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure