ئەو ناوچەیە ئاشکراکرا کە ئەمساڵ زۆرترین بارانی لێباریوە

هەواڵ / کوردستان :: 01/04/2019‌ :: 1109‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ئاشکرایکرد: پارێزگای دهۆک زۆرترین ڕێژەی زیادەی بارانبارینی هەیە كە 708 ملم بارانی زیاتر لێباریوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

 

به‌پێی دواین داتا و ئاماری به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وه‌رزی بارانبارینی ئه‌مساڵدا پارێزگای دهۆک زۆرترین ڕێژەی زیادەی بارانبارینی هەیە كە 708 ملم بارانی زیاترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و دوای ئه‌وانیش پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی دێت.

 

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كانی ئه‌و به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییه‌ له‌سه‌ر ئاستی قه‌زا و ناحیه‌كان قه‌زای مێرگه‌سور له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر ڕیكۆردێكی مێژوویی له‌ڕووی تۆماركردنی بارانبارین تۆماركردوه‌ به‌راورد به‌ ساڵانانی ڕابردوو كه‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ له‌ 2 هه‌زار ملم و به‌ دوای ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌ ناحیه‌ی هیران، خورماڵ، بیاره، قه‌ڵادزه، قه‌زای چۆمان، ئاكرێ و ئامێدی دێت كه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ بڕی بارانبارین له‌سه‌رووی هه‌زار ملم-ەوە بووه‌.

 

به‌پێی داتا و ئاماره‌كانی كه‌شناسی، جیاوازی بڕی بارانبارینی ساڵی 2019 به‌راورد به‌ پارساڵ (ئه‌مڕۆ 1ی نیسان) به‌مشێوه‌یه بووە: ئه‌مساڵ هه‌ولێر 481.2  ملم باران زیاتر باریوه‌، سلێمانی 446.5 ملم باران زیاتر باریوه‌، پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ 528.2 ملم باران زیاتر باریوه‌، كه‌ركوك 215.9 ملم باران زیاتر باریوه‌، دهۆك 708.2 ملم باران زیاتر باریوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە