ئه‌وروپا پرۆسه‌ى رزگاركردنى كۆچبه‌ران له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاستدا ده‌وه‌ستێنێت

هەواڵ / جیهان :: 01/04/2019‌ :: 260‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

یه‌كێتى ئه‌وروپا بڕیاریداوه‌ پڕۆسه‌ى رزگاركردن و گه‌ڕان و پشكنین بوه‌ستێنن له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاستدا كه‌ تایبه‌تە به‌ رزگاركردنى كۆچبه‌ره‌ نایاساییه‌كان، وڵاتى ئیتاڵیا-ش هه‌ڕه‌شه‌ى به‌كارهێنانى مافى ڤیتۆ ده‌كات لە ئەگەری پەسەند نەکردنیدا. 

پڕۆسه‌ى ڕزگاركردن و گه‌ڕان و پشكنین له‌ ده‌ریاى ناوه‌ڕاستدا  تایبه‌ته‌ به‌ ڕزگاركردنى كۆچبه‌ره‌ نایاساییه‌كان، له‌ ساڵى 2015وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ى 49 هه‌زار كۆچبه‌ر له‌ مردن ڕزگاركراون.

له‌دواى پێنج ساڵ له‌ پڕۆسه‌كه‌ له‌ ئێستادا یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌نیازه‌ بیوه‌ستێنێت و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌رپرسانى ئه‌و یه‌كێتى-یه‌ ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو: "چیتر به‌له‌م و كه‌شتى ڕه‌وانه‌ى ده‌ریاى ناوه‌ڕاست ناكه‌ن، ته‌نیا هه‌ندێك فڕۆكه‌ و كۆپته‌ر به‌كارده‌هێنن و هاوكارى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانى لیبی-دا زیاد ده‌كه‌ن. هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌م بڕیاره‌ش گوشاره‌كانى ئیتاڵیایه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتى ئه‌وروپا و ئاماده‌ نیه‌ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ كه‌شتییه‌كانى سه‌ر به‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌یانگوازێته‌وه‌".

ئیتاڵیا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر ده‌نگدان بۆ به‌رده‌وامبوونى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ئه‌نجامبدرێت ئه‌وا مافى ڤیتۆ به‌كارده‌هێنێت. 

هه‌ر له‌وبارەیه‌وه‌ رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان و رێكخراوه‌ جۆراوجۆره‌كانى مافى مرۆڤ ره‌خنه‌ى توندیان گرت له‌م بڕیاره‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپا و تۆمه‌تباریان كرد به‌وه‌ى كه‌ به‌م بڕیاره‌ كۆچبه‌ران هه‌ڕه‌شه‌ى خنكانیان له‌سه‌ر زیاتر ده‌بێت له‌ ئاوه‌كانى ده‌ریاى ناوه‌ڕاستدا.  

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure