زمانی كوردی له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ مه‌ترسی گه‌وره‌دایه

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 01/04/2019‌ :: 171‌ جار بینراوە
كۆنفرانسی زانستی زمانی كوردی

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

ئێواره‌ی دوێنێ كۆنفرانسی زانستی زمانی كورد له‌ خانه‌قین كۆتایی به‌ كاره‌كانی هات، به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی خرانه‌ڕوو زمانی كوردی له‌و ناوچانه‌ له‌ به‌رده‌م داخوران و پاشه‌كشه‌ی مه‌ترسیداردایه‌.

 
كۆنفرانسەكە ئاماژەی بەوەداوە: پێویسته‌ ئاوڕی جددی لەو زمانە بدرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ڕزگاربكرێت و یه‌كێك له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كانیش ئەوەیە كە خوێندكارانی بواری كوردی ڕووده‌كه‌نه‌ خوێندن به‌ زمانی عه‌ره‌بی. 

له‌شاری خانه‌قین كۆنفرانسی زانستی زمانی كوردی له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان له‌لایه‌ن ماڵی روناكبیری سه‌لام به‌ هاوكاری رێخكراوی خانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی هزری و به‌شی زمانی كوردی له‌ كۆلێژی ئادابی خانه‌قین ئه‌نجامدرا كه‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی خایاند و دوێنێ یەكشەممە (31ی ئازار) به‌ چه‌ند ڕاسپارده‌یه‌ك بۆ باشتر كردنی زمانی كوردی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كۆتایی به‌كاره‌كانی هێنا.

ئومید به‌رزان، مامۆستای زانكۆی گه‌رمیان كه‌ به‌ توێژنه‌یه‌وه‌یه‌ك له‌و كۆنفرانسه‌دا به‌شداربوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: شاری خانه‌قین دوو زمانی سه‌ره‌كی كوردی و عه‌ره‌بی تێدایه‌ و شێوه‌زاری لووڕی و كرمانجی خواروو بۆ ئاخاوتن به‌كارده‌هێنن و بۆ خوێندنیش زمانی ستانداردی سۆرانییه‌، به‌ڵام له‌ قوتابخانه‌ كورییه‌كانی سه‌ر به‌ دیاله‌ زمانی عه‌ره‌بی به‌كارده‌هێنرێت.

وتیشی: "لەساڵی 2002 یه‌ك قوتابخانه‌ی كوردی نه‌بووه‌ له‌ خانه‌قین به‌ زمانی دایك خوێندنی تێدا ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام له‌ دوای 2004ه‌وه‌  هه‌ڵكشانێكی گه‌وره‌ له‌بواری خوێندنی كوردی ئه‌نجامدراوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان 30 قوتابخانه‌ و له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقیش 67 قوتابخانه ‌و باخچه‌ی ساوایان به‌ زمانی كوردی دامه‌زراوه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا ته‌نها 25 قوتابخانه‌ی عه‌ره‌بی هه‌بووه".

ئومێد به‌رزان باسیشی له‌وه‌كرد: به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌دوای ساڵی 2013وه‌ خوێندنی كوردی له‌و شاره‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌ و له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 به‌ته‌واوی ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌كۆی 67 قوتابخانه‌ی كوردی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عێراق ته‌نها 25 قوتابخانه‌یان ماونه‌وته‌وه‌ ئه‌وانی دیكه‌ كراون به‌ زمانی عه‌ره‌بی.

بەوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ، بەپێی به‌دواداچوونه‌كان، ئه‌و 25 قوتابخانه‌ كوردییه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكاره‌كانی خۆیان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ خوێندن به‌ زمانی عه‌ره‌بی و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ وته‌ی سه‌رپه‌شتیارانی په‌روه‌رده‌ ئه‌گه‌ر بچووكبكرێنه‌وه،‌ هه‌ر 25 قوتابخانه‌كه‌ له‌ پێنج قوتابخانه‌دا جێگەیان ده‌بێته‌وه.

باسیشی له‌وه‌كرد: خوێندنگە كوردییه‌كان وه‌كو خۆیان كه‌ 30 قوتابخانه‌ و باخچه‌ی ساوایانن ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆریان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ زمانی عه‌ره‌بی و له‌ راستیدا حاڵی حازر زمانی كوردی و خوێندنی كوردی له‌ خانه‌قین خه‌ریكه‌ تووشی داخوران ده‌بێت، چونكه‌ گرنگترین قۆناغی خوێندن تاوه‌كو ته‌مه‌نی 12 ساڵییه،‌ ئه‌وه‌ش یونسكۆ چه‌سپاندویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی خوێندكار زمانی ستانداردی وڵاته‌كه‌ی له‌ زهنیدا بچه‌سپێت و له‌م رێگه‌یەشه‌وه‌ ئاشنا ببێت به‌ كلتور فه‌رهه‌نگ و هه‌موو كایه ‌و بواره‌كانی تایبه‌ت به‌ خه‌ڵك و ناوچه‌كه‌ی. 

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی گه‌رمیان له‌باره‌ی كێشه‌كانی به‌رده‌م خوێندنی كوردی له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان رایگه‌یاند: بەپێی گفتوگۆكردن لەگەڵ‌ خوێندكاران و كه‌سوكاریان و دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ش، بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كێشه‌كان بریتین له‌ سیستمی خوێندن، چونكه‌ له‌ كوردستان سیستمی كۆرسات هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ دیاله‌ و حكومه‌تی عێراق سیستمی خوێندن به‌ شێوازی ساڵانی رابردوه‌. 

له‌ ناوه‌ندی وه‌رگرتنی حكومه‌تی عێراق خوێندكار دوای ته‌واوكردنی قۆناغی 12ی ئاماده‌یی به‌ كۆنمره‌ی 60ه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ زانكۆ و په‌یمانگە، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان ناویان نایه‌ته‌وه‌. 

كێشه‌یه‌كی دیکەی خوێندن به‌زمانی كوردی له‌و سنوورانه‌ ئەوەیە دواتر ئه‌گه‌ر خوێندكار رووبكاته‌ زانكۆكانی عێراق، خوێندن به‌ زمانی عه‌ره‌بییه‌ كە ئه‌مه‌ش گرفتی گه‌وره‌ی بۆ دروستده‌كات.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و نه‌دانی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زیانی زۆری هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر خوێندن له‌ خانه‌قین، چونكه‌ مامۆستاكانی سه‌ر به‌ په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌وامیان نه‌كردوه‌، به‌ڵام مامۆستایانی دیكه‌ی سه‌ر به‌ عێراق ده‌وامی خۆیان كردوه‌، بۆیه‌ هاووڵاتیان بیریان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه‌ خوێندكاره‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌ خوێندنی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌وه‌ی داهاتووی له‌ ده‌ست نه‌دات.

له‌دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌ به‌شێكی زۆری به‌ زیانی كورد بووه‌ به‌شێكی گرنگی ئه‌م كۆنفرانسه‌ش بۆ ڕزگاركردنی زمانی كوردییه‌ له‌و كێشه ‌و گرفتانه‌ی تێی كه‌وتووه.

عه‌باس عه‌بدولره‌زاق، به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵی ڕوناكبیری سه‌لام به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017وه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفت هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌م زمان و خوێندنی كوردی له‌ ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان، بۆیه‌ هه‌ستاون به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و توێژینه‌وانه‌وه‌ چاره‌سه‌ری گونجاو بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ پاشه‌كشه‌ی و وه‌ستانی گه‌شه‌ی زمان و خوێندنی كوردی.

وتیشی: "توێژینه‌وه‌كان هه‌موویان لەلایه‌ن كه‌سانی پسپۆڕ له‌ بواره‌كه‌ خراونه‌ته‌ڕوو، بۆیە مه‌به‌ستیشیان بووه‌ زانكۆ به‌شدار بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زانستیانه‌ كێشه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن، نه‌ك ته‌نها بۆ سنووری خانه‌قین، به‌ڵكو بۆ ته‌واوی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، چونكه‌ له‌ راستیدا ئه‌م ناوچانه‌ كورد و زمانه‌كه‌شی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ناوچووندایە و پێویسته‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ن".

(بەشێک لە کۆنفرانسەکە)

به‌پێی توێژینه‌وه‌كانی نێو كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی دوو ڕۆژی رابردوو خراوه‌ته‌ڕوو، پێنج خاڵی گرنگ ده‌ستنیشانكراون بۆ ئه‌وه‌ی كاریان له‌سه‌ر بكرێت ئه‌وانیش بریتین له‌:

1- بایه‌خی ته‌واو بدرێت به‌خوێندنی كوردی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، به‌پەیڕه‌وكردنی میتۆدی زانستی و به‌دواداچوونی رەسمی له‌لایه‌ن داموده‌زگای په‌یوه‌ندیداره‌وه، بۆ دڵنیابوون له‌ به‌ڕێوه‌چوونی خوێندنی زمانی كوردی له‌و ناوچانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو .

2- داوا بكرێت به‌پێی یاسای زمانه‌ رەسمییه‌كانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق مافه‌كانی زمانی كوردی پارێزراو بێت و له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ عێراقدا بخوێنرێت.

3- داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌ین ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ له‌بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و خوێندن و ڕاگه‌یاندن به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌  و پشتگیری به‌ستنی كۆڕ و سیمینار و وۆركشۆپ و كۆنفرانس بكات، به‌ئامانجی لیكنزیككردنه‌وه‌ی زار و شێوه‌زاره‌كانی زمانی كوردی وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌ستانداردكردنی زمانی كوردی.

4- داوا كراوە لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی خوێندنی باڵا، په‌روه‌رده، ڕۆشنبیری، ئه‌كادیمیای كوردی، ئه‌وقاف، سه‌رپشكبكرێن له‌ گه‌ڵاڵه‌كردنی پڕۆژه‌ی به‌ستانداردكردنی زمانی كوردی به‌مه‌رجێك له‌و پڕۆژه‌یه‌دا زار و شێوه‌زاره‌كانی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان شوێن و پێگه‌ی دیاریان هه‌بێت .
5- له‌ به‌شی كوردی زانكۆكانی هه‌رێم توێژینه‌وه‌ی نامه‌كانی ماسته‌ر و تێزه‌كانی دكتۆرا بایه‌خی زۆر به‌ زار و شێوه‌زاره‌كانی زمانی كوردی به‌گشتی و زار و شێوه‌زاره‌كانی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان به‌تایبه‌تی بدرێت، هه‌روه‌ها بابه‌تی كوردۆلۆجی له‌به‌شه‌كانی زانكۆكاندا زیاتر بایەخی پێبدرێت.


ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ كێشه‌ی زمان و خوێندنی كوردی، تووشی ده‌یان كێشه‌ و گرفتی دیكه‌ بوونه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ كێشه‌ی ئه‌منی، هاتنه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان بۆ ناوچه‌ كوردییه‌كان، كۆچكردنی هاووڵاتیانی كورد له‌و ناوچانه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure