بەمەرج ڤیزای بێبەرامبەرى ئێران دەدرێت بە هاووڵاتیان

هەواڵ / ئابوری :: 31/03/2019‌ :: 472‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن 

دوای ئەوەی بڕیاردرا لە (سبەی دووشەممە 1ی نیسان)ەوە، گەشتیاران و هاووڵاتیانی هەرێم، بەبێ پارە ڤیزای ئەلیكترۆنی وەربگرن و سەردانی ئێران بكەن، لەئێستادا ئەو بڕیارە تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە كە دەیانەوێت بۆ ماوەی یەك مانگ بچنە وڵاتی ئێران و ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە دەیانەوێت بۆ ماوەی (سێ یان شەش) مانگ گەشت بكەن.

بەختیار تۆفیق، خاوەنی نوسینگەی سویسرا بۆ كاروباری گەشتیاری لەپێنجوێن، (ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی ئازاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەلایەن كونسڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی هەموو نوسینگەكانی تایبەت بەكاروباری گەشتیاری ئاگاداركراونەتەوە كە لەسبەینێوە هاووڵاتیان و گەشتیارانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی دەیانەوێت لە رێگەی مەرزە نێودەوڵەتییەكانەوە سەردانی ئێران بكەن، دەتوانن لەڕێگەی نوسینگەكانەوە، كاری پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی بۆیان ئەنجامدەدرێت.

وتیشی: "بەڵام هێشتا بۆ پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت ماوەی سێ مانگ یان شەش مانگ بچنە وڵاتی ئێران كە ڤیزای سێ مانگی و شەش مانگی پێدەڵێن، ناگرێته‌وه‌ وەك پێشتر بڕی (140) هەزار دینار وەردەگیرێت و هێشتا هیچ رێنماییەكی نوێمان بۆ نەهاتووە تا ئەوانیش پارەیان لێوەرنەگیرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ ڤیزای یەك مانگی كە پێشتر بڕی (60) هەزار دیناری عێراقی وەرگیراوە، لەئێستادا تەنیا بڕی (10) هەزار دینار وەردەگیرێت كە پێنج هەزاری بۆ بیمەیە و لەلایەن كونسڵخانەی ئێران لەسلێمانی وەردەگیرێت و پێنج هه‌زاره‌كه‌ى دیكه‌ش  بۆ كرێی ئۆتۆمبێلە.

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە