چیرۆکی ئەو ژنەی 10 کەس لە شەوێکدا دەستدرێژیان کردووەتە سەری

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 31/03/2019‌ :: 100182‌ جار بینراوە
فائیزە ئەو ژنە ئێزدییەی داعش رفاندی

تاگ :: داعش

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

ژنێکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش لەشاری موسڵ بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "چەکدارێک ناچاری كردم ناوی لە سەر دەستی خۆم بنووسم بەو مەرجەی لەمن نەدات و بەچەکدارێکی تر نەمفرۆشێتەوە".

"زیاتر لە 30 جار حەبی مەنعم خواردووە"
فائیزە لە بارەی چیرۆکەکانی ژیانی کە بە سەریدا هاتووە بۆ دواڕۆژ دەگێڕێتەوە، "لەقەزای حەویجەی نزیك شاری كەركوك ١٠ کەس لە شەوێکدا دەست درێژیان کردەسەرم و ٣٠ جاریش دەرمانی رێگریی منداڵبوونم بەکارھێنا".

ئەو ژنە ئێزدییە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا لە ٢٠١٤\٨\٣ لەسەر رێگەی قابووسیە خۆی و خێزانەکەی لەلایەن چەکدارانی داعش دەستگیرکراون و رفێندران بۆ کومەڵگەی تەل قەسەبی سەر بە قەزای شەنگال.

بردیانینە تەل بەنات
فائیزە باپیر مچۆ، لەگێڕانەوەی چیرۆكەكەی خۆیدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: لە سەرەتایی ھێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شەنگال، لەگەڵ خێزانەکەم لە سەر رێگەی قابووسیە دەستگیرکراین و رفێندراین، بۆ ماوەی ھەشت رۆژ لە قەزای بەعاج ماینەوە و دواتر بۆ ماوەی ٢٠ رۆژ ئێمەیان بردە تەل بەنات".

وتیشی: "چەکدارانی داعش هەموومانی گواستەوە بۆ گوندی کۆجۆ لەقەزای شەنگال، دوو مانگیش لەوێ ماینەوە و بەئۆتۆمبێل رەوانەی گوندێکی سەر بە قەزای تەلەعفەر کراین و دواتر براینە شاری موسڵ".

بۆ كڕین و فرۆشتن بردیانینە تەلەعفەر 

فائیزە دەڵێت: "دوای مانگێک مانەوەمان لە شاری موسڵ جارێکی تر چەکدارانی داعش ھێنایانینە تەلەعفەر و کوکراینەوەو لەیەکتر جیاکراینەوە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان كە ئەویش کڕین و فرۆشتنی ئێمە بوو".

خۆم دایە بەر چەقۆ
وتیشی: "لە قەزای تەلەعفەر چەکدارانی داعش منیان بۆ شوێنێک برد کە بارەگایەکی ئەوان بوو، دوای ھەشت مانگ مانەوەم لەو بارەگایەدا دوو چەکداری ئەو رێکخراوە کە خەڵکی موسڵ بوون، منیان کڕی و تەعدایان لە من کرد و منیش بۆ ئەوەی زیاتر ئەشکەنجەم نەدەن، خۆم بە چەقۆ بریندارکرد و ھەموو لاشەم سور بوو لە خوێن، دواتر كە منیان بەو شێوەیە بینی بە چەکدارێکی بەتەمەن بەناوی (ئەبو ئەحمەد) فرۆشرامەوە".

شەش کەس دەستدرێژ سێکسییان کردە سەرم
ئەو ژنە وتی: "جارێکیان نزیکەی دوو مانگ منیان لە شاری موسڵەوە بردە قەزای تلکێف، لە شەوێکدا ماددەی بێھۆشکەریان بەمندا و شەش چەکداری داعش دەستدرێژی سێکسییان کردە سەرم".

فائیزە ئاماژەی بەوەدا، دوای ھەشت رۆژ مانەوەی لەگەڵ ئەو چەکدارەی داعش منی وەکو دیاری پێشکەشی (ئەبو ھەمام) کرد، بۆ ماوەی ٢٥ رۆژ ئەو چەکدارە منی فێری نوێژ و قورئان خوێندن کرد، دواتر بە کچێکی تری ئێزدی گۆڕدرامەوە و بەوشێوەیە بەردەوام بوون و کچ بە کچ ئاڵوگۆڕیان پێدەکرا.

چەکدارێک نەچارکرام ناوی لە سەر دەستی خۆم بنووسم
ئەو ژنە ئێزدییە باس لەوە دەکات "چەکدارێکی داعش بەناوی (فەتحی ئەبو مریەم بەعاجی) دوای چەند مانگێک مانەوەم لەلای لە شاری موسڵ بەمنی وت ناوی خۆی لە سەر دەستی خۆم بنووسم و پەیمانی بەمندا من نەفرۆشێتەوە بە کەسێکی تر".

فائیزە دەڵێت: "بە لێدانەوە ناچار کرام ناوی لەسەر دەستی خۆم بنوسم"، دواتر وتی: "تۆ فرۆشراوی، لەو کاتەدا ناوەکەی تەواو نەبوو پیتی (E) مابوو، بەو چەکدارەی داعشم وت، بۆچی ناوی خۆت لە سەر دەستم دەنووسی، لەوەڵامدا بەمنی وت "بۆ ئەوەی ئەگەر رۆژێک رزگارت بوو، خێزانەکەت تۆ بەخێو نەکات".

فائیزە وتی: "چەکدارانی داعش بەردەوام کڕین و فرۆشتنیان بە ئێمەوە دەکرد، (ئەبو عەزام) ناوی چەکدارێکی داعش بوو، منی لە فەتحی کڕی بوو، بۆ ماوەی ٢٥ رۆژ بە لێدانەوە منی رووت دەکردەوە و دەردەکرام و رێگەی بەمن نەدەدا بچمە ژوورەوە".

ئەو ژنە ئێزدییە بۆ دوارۆژ دەڵێت: "دوای ئەوەی چەکدارانی داعش ژمارەیەکی زۆری ژن و کچانی ئێزدییان رەوانەی سوریا کرد، نرخی کڕین و فرۆشتنی ئێمە لە شاری موسڵ بەرزبوو، زیاتر لە ١٥ جار کڕین و فرۆشتنیان بەمنەوە کردووە، (ئەبو عەزام) کە چەکدارێکی عێراقی بوو بە چەکدارێکی خەڵکی حەویجەی فرۆشتمەوە، دوای ١٥ رۆژ ئەو چەکدارەی داعش بەمن رازی نەبوو بە چەکدارێکی تر بەناوی (ئەبو لەیت) فرۆشتمیەوە كە ئەویش خەڵکی حەویجە بوو". 

ناخۆشترین کاتەکانی فائیزە لە حەویجە
فائیزە دەڵێت: "ناخۆشترین کاتەكانی من لە حەویجەوە دەستپێکرد، ھەموو جۆرە لێدانێکم بینی لە (ئەبو لەیت) كە ئەو چەکدارێکی زۆر دلڕەق بوو، شەوێک خۆی و نۆ چەکداری تر دەستدرێژیان کردە سەرم، ماددەی بێھۆشکەریان بەمندا و چەند رۆژێک بەوشێوەیە رەفتاریان لەگەڵ مندا دەکرد".

"کە بەیانیان سەیری خۆمم دەکرد ھەموو گیانم خوێن بوو" 
ئەو 10 چەکدارەی داعش رۆژانە ماددەی بێھۆشکەریان بەکاردەھێنا و دەستدرێژییان دەکرە سەرم، چوار مانگ دوای پڕۆسەی ھاوسەرگیری رفێندرابووم، دوای چەند مانگێک منداڵێکم ھەبوو، ھەموو ئەو رەفتار و دەستدرێژی و لێدانەی چەکدارانی داعش کاریگەری لە سەر منداڵەکەشم ھەبووە، چونکە نەمتوانی ئەوەی پێویست بێت بۆی بکەم و زۆری ناخۆشیی بینی". 

فائیزە باسی لەوەشکرد: تا ئێستا ژمارەیەک لە کەسوکارم لە دەستی چەکدارانی داعشدا ماون، دوای رزگارکردنم لە ٢٧\٨\٢٠١٧ گەڕامەوە ناو خانەوادەم و لە ٢٦\١١\٢٠١٨ چوومەتە دەرەوەی وڵات و ئێستا لە کەنەدا ژیان بەسەر دەبەم.

داڕشتنەوە: ئارام غەفور 

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure