كه‌شناسی كاتی كۆتاییهاتنی بارانه‌ به‌لێزمه‌كه‌ی راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 31/03/2019‌ :: 32660‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایدەگەیەنێت، شەپۆلە بارانە بەهێزەكە پێشبینی دەكرێت لە نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە كۆتایی پێبێت.


فازیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: بارانبارینەكەی ئەمڕۆ درێژكراوەی ئەو شەپۆلەیە كە هەفتەیەكە هەرێمی كوردستانی گرتووه‌تەوە، سەرەتا لەسنووری پارێزگای دهۆك دەستپێدەكات، پاشان بەرەو ناوچەكانی دیكەی كوردستان چالاك دەبێت.

ناوبراو روونیكردەوە: بەگشتی خۆئامادەكردن بۆ شەپۆلی بارانبارینە بەهێزەكە لەدرەنگانی شه‌وی رابردووه‌وه‌ دەستیپێكردووه‌و تا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە به‌رده‌وام ده‌بێت، بەڵام مانای وا نییە نیوەڕۆی دووشەممە بارانبارین كۆتایی دێت، بەڵكو بارانی ئاسایی تا كۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت. 

وتیشی :"ئەو بارانە بەهێزەی پێشبینی دەكەین لەسنووری پارێزگای دهۆك زیاتر بێت پاشان لەناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانیش، ئەوەی پێشبینیش دەكرێت رێژەی بارانبارینەكە لەهەندێك شوێن 40 ملیمەتر بێت، لەهەندێك ناوچەی شاخاویش لە 100 ملیمەتر نزیك ببێتەوە".

بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی هەرێم ئاشكرایكرد: مەبەست لەو ئاگاداركردنەوەی بارانبارینە ترساندنی هاووڵاتیان نییە، بەڵكو ئێستا لەم وەرزەدا لەماوەیەكی كەم و لەڕووبەرێكی بچووك رێژەیەكی زۆر باران دەبارێت.

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی پێشبینی دەكرێت ئه‌مڕۆ ده‌ستپێبكات، لە ناوەندەكانی خوێندن لەقۆناغەكانی سەرەتایی تا زانكۆ لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێرو ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان كرایە پشوو.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە