1500 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێن

هەواڵ / کوردستان :: 30/03/2019‌ :: 3106‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ

كاركردن لەیەكەكانی نیشتەجێبوون لە سیتەك و زڕگوێز لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستپێدەكات و بەپێی ریزبەندییەك بەسەر كرێنشیناندا دابەش دەكرێن.


عوسمان قەرەداغی سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینانی سلێمانی بە دواڕۆژی وت: "بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، 47 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبوونی زڕگوێز و سیتەك و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆیان، كە دوای تەواوكردنیان بەسەر كرێنشیناندا دابەش دەكرێن".

وتیشی: "بەهۆی بارانبارین و وەرزی سەرماوە، هێشتا كۆمپانیای جێبەجێكار دەستی بەكارەكانی نەكردووە، بەڵام لەچەند هەفتەی داهاتوودا دەست بەكاركردن دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لەماوەی چەند مانگێكدا تەواو بكرێن".

سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان ئەوەشی بۆ دواڕۆژ ئاشكراكرد: كە چەندین كەس هەن لەئێستادا بوون بە خاوەنی خانووی خۆیان و ناویان لە لیستەكانی پێشوودا نامێنێت، ئەمەش چانسێك دەبێت بۆ ئەو كرێنشینانەی لەساڵی 2013دا فۆرمی تایبەت بەو یەكانەیان پڕكردووەتەوەو لە 10 خاڵ زیاتریان هەیە.

وتیشی: "بۆ ئەوەی جێگۆڕێكێ‌ بەناوەكان نەكرێت، داوایان لەپارێزگاری سلێمانی كردووە بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ناوەكان یەكلایی بكەنەوەو كەسانێك كە مافی خۆیانه‌، سوود لەوەرگرتنی یەكەكان وەربگرن و مافخوراو نەبن، هه‌روه‌ها داوایان كردووە كە پێش دابەشكردنیان ناوەكان رابگەیەنرێن، بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی مافی خۆیانە ئاگاداربن".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دوارۆژ دەستیكەوتووە یەكەكان پێكدێن لە باڵەخانەی سێ نهۆمی و خانووی یەك نهۆمی كە ماوەی چەندین ساڵە دەستكراوە بەدروستكردنیان، بەڵام چەندینجار كاركردن تیایاندا راگیراون، ئەوەش وایكردووە بەشێكی زۆری بیناكان تووشی داڕووخان ببن.

لەئێستادا 30 هەزار كرێنشین لەسنووری سلێمانی تۆماركراون و بەپێی زانیارییەكانی عوسمان قەرەداغی دەیان خێزان بەهۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونه‌وه‌، دووچاری جیابوونەوە بوون و چەندین كێشەی تری كۆمەڵایەتیشی لێكەوتووەتەوە.

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure