هۆشدارى تووند ده‌درێته‌ هاووڵاتیان

هەواڵ / کوردستان :: 30/03/2019‌ :: 17759‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

شاره‌وانى ده‌ربه‌ندیخان له‌ به‌ر بارانبارینى به‌هێزو ئه‌گه‌رى هه‌ره‌سى شاخى به‌رانان، داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات زۆر به‌ ئاگابن له‌ به‌كارهێنانى شه‌قام و رێگاوبانه‌كان و مه‌ترسى هه‌ره‌س و كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ى به‌ردى سه‌ر شاخه‌كه‌.


له‌ راگه‌یاندراوێكى شاره‌وانى ده‌ربه‌ندیخاندا ئاماژه‌وه‌ به‌وه‌دراوه‌: جارێکی تر ناوچەکەمان دەکەوێتەوە ژێر پاڵەپەستۆیەکی نزمەوەو پێشبینی دەکرێت بڕێکی زۆر باران و تەرزە ببارێت و لەهەمانکاتدا هەورە بروسکەو بارانی بەلێزمەو بەخوڕی لەگەڵدایە، بۆیه‌ هۆشداری توند دەدەین کە بەجددی مامەڵە لەگەڵ ئەم هۆشدارییە بکرێت.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: بە پێی پێشبینیەکان ڕێژەی دابارین لە ڕێژەی دابارینی پێشوو زیاترە و داواکارین بە وشیارییەوە شەقام و ڕێگا گشتی و ڕێگاکانی دەرەوەی شار بەکاربهێنن و بەهەموو شێوەیەك ڕێگای گشتی سەرشاخی بەرانان بەکارنەهێنن و بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ کەوتنەخوارەوە و خلیسکانی بەردی گەورە بکرێت.

لاى خۆشیه‌وه‌ رائید ڕیژه‌ن بورهان به‌رێوه‌به‌رى پۆلیسى هاتووچۆى ده‌ربه‌ندیخان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ بارانبارینى هه‌فته‌ى رابردوو له‌ زۆر شوێنه‌وه‌ شاخى به‌رانان تووشى هه‌ره‌سهێنان ببوو، به‌ شێوه‌یه‌ك ببووه‌ هۆى داخستنى تونێله‌كه‌و له‌ زۆر شوێنى دیكه‌ش به‌رد و گڵى شاخه‌كه‌ كه‌وتبوونه‌ سه‌رشه‌قامی ده‌ربه‌ندیخان بۆ سلێمانى و خۆیان لایان بردووه‌و پاكیان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ تووشبونى داڕوخانى شه‌قامه‌كه‌و تێكچوونى. 

وتیشى: "له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ پرده‌كانى سه‌ر رێگاى كه‌لار بۆ ده‌ربه‌ندیخان و ناوچه‌كانى سه‌رته‌كى به‌مۆ و زۆر شوێنى دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ بارانبارینى به‌هێزو زۆر تووشى ئاسته‌نگى كێشه‌ى گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌ و ئه‌زموونیان له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و شه‌پۆلى بارانبارینه‌ هاتووچۆنه‌كردنه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ناوشاریش هاتووچۆ كه‌مبكرێته‌وه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure