كەركوك.. گروپێکی چەكدار هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکی تایبەت دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 30/03/2019‌ :: 258‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری


لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە هەوڵدەدرێت زەوییەکی تایبەت بەخزمەتگوزاری داگیر بکرێت، پۆلیسیش دەڵێت: "لیژنەیەکی تایبەتی ئەمنی پێکهێنراوە تایبەت بەلێپرسرینەوە لەگەڵ ئەو گروپانەدا".

(یەکشەممەی رابردوو 24ی ئازاری 2017) ژمارەیەک چەکدار چوونەتە سەر زەوییەک لەگەڕەکی راپەڕین بەمەبەستی داگیرکردنی، پێشتریش چەند پارچە زەوییەکی دیکە داگیرکراون و خانووی نیشتەجێبوونی لەسەر دروستکراوە.

 

زانا نەبەز هاوڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکەکەیە بەدواڕۆژی وت: "چەکدارەکان لەدوای هاتنە سەر زەوییەکە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکەن بەمەبەستی دەستنیشانکردنی شوێنەکە و دابەشکردنی وەکو گەڕەک کۆبووینەوە و بنکەی پۆلیس و موختارمان لێ ئاگادارکردووەتەوە".

وتیشی: "دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان جارێکی دیکە چەکدارەکان گەڕاونەتەوە و هۆشدارییان داوەتە ماڵەکان کە هەر کەسێک بەدڵی نییە، دەتوانێت ماڵەکەی بگوازێتەوە لە گەڕەکەکە".

سەبارەت بەناسنامەی چەکدارەکان، ئەو هاوڵاتییە ئەوەی خستەڕوو کە چەکدارەکان عەرەب بوون و ئۆتۆمبێلی توێتای (مەرزیە)ی بێ تابلۆیان پێبووە، گومان دەکەین سەر بەگروپەکانی حەشد بن.

لەئێستادا زۆربەی ماڵەکانی دەوروبەری زەوییەکە خانووەکانیان داناوە بۆ فرۆشتن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەر لایەنە ئەمنییەکان توانای رێگرییان لەزیادەڕۆییەکە نەبێت، باشترە گەڕەکەکە بەجێبهێڵن.

ئەوان بەوتەی خۆیان ماوەی 15 ساڵە زەوییەکەیان پاراستووە لەداگیرکردن و لەسەر ئەرکی خۆیان کردویانەتە باخچە.

لەماوەی پێشووتریشدا چەند حاڵەتێکی هاوشێوە لەگەڕەکی راپەڕین روویاندا کە بەهۆیەوە هاوڵاتییەکی کورد لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەک چەکدار کوژرا کە دەیانویست دەست بەسەر خانووەکەیدا بگرن.

عەمید ئەفراسیاو کامیل وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک بەدواڕۆژی وت: "تاوەکو ئێستا ئاگادارنەکراوینەتەوە لە داگیرکردنی ئەو زەوییەی گەڕەکی راپەڕین کە لەبنەڕەتدا تایبەتە بەخزمەتگوزاری".

وتیشی: "لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکەوە لیژنەیەک پێکهێنراوە لەلیوای 61ی تایبەت و پۆلیسی ناوخۆیی کەرکوک بۆ رووبەڕووبوونەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی بەناوی گروپی جیاوازەوە زەوی داگیر دەکەن و خانووی زیادەڕۆ دروستدەکەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە سەرکردەی گروپەکانی حەشدی شەعبی هێزە ئەمنییەکانیان سەرپشک کردووە بۆ ئەوەی رێوشوێنی توند دژی ئەو چەکدارانە وەربگرن کە بەناوی ئەوانەوە زەوی دەوڵەت و هاوڵاتیان داگیر دەکەن.

پێشتریش ژمارەیەک چەکدار بەناوی گروپی جیاوازەوە چوونە سەر بازاڕەکان و پارەیان لەدوکاندارەکان وەردەگرت بەناوی پاسەوانێتییەوە، ئەگەرچی بەشێکیان مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی عیراقیان هەیە و هاوشێوەی کۆمپانیای ئەمنی و پاراستنی بازاڕەکانی شارەکە دەستبەکارن.

ئەمەیش لەکاتێکدایە جگە لەپۆلیسی ناوخۆیی، لیوای 61ی تایبەت، لیوای 16ی حەشدی تورکمانی، پۆلیسی ئیتیحادی و فەوجێکی دژەتیرۆری عێراق لەنێو شارەکەدان و لەلایەن فەرماندەییەکی ئۆپراسیۆنی هاوبەشەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure