ده‌نگۆیه‌ك له‌باره‌ى جۆره‌ مریشكێكى ژه‌هراوى ره‌تده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 30/03/2019‌ :: 1094‌ جار بینراوە
هاورده‌كردن له‌ ئێرانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌

دواڕۆژ، سامان قوبادى

ده‌نگۆى بوونى جۆره‌ مریشكێكى ژه‌هراوى له‌لایه‌ن ڤێترنه‌رى سلێمانى ره‌تده‌كرێته‌وه‌ داواش له‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت له‌هه‌ر حاڵه‌تێكى وه‌هادا ئاگادارییان بكه‌نه‌وه‌، هاوكات به‌ڕێوه‌به‌رى كوالێتى كۆنتڕۆڵ ده‌ڵێت: به‌هۆى نه‌خۆشى ئه‌نفلۆزاى باڵنده‌ هێنانى مریشك له‌ ئێرانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌.


ده‌نگۆیه‌ك بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ى جۆره‌ مریشكێك كه‌ گوایه‌ له‌كاتى لێنانیدا ره‌نگه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت و سه‌رچاوه‌یه‌كه‌ بۆ تووشبوون به‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ د. ئارى سه‌ڵاحه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌رى ڤێترنه‌رى سلێمانى (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30ى ئازارى 2019) به‌ دواڕۆژى وت: "هیچ شتێكى وه‌هامان نه‌بیستووه‌ و راست و دروست نییه‌".

راشیگه‌یاند: له‌ رووى زانستییه‌وه‌ راست نییه‌، كاتێك مریشك بكوڵێنرێت ره‌نگه‌كه‌ى بگۆڕێت یان ره‌ش بێت، هیچ بنه‌مایه‌كى زانستى نییه‌، داواش له‌ هاوڵاتییان ده‌كه‌ین له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكى له‌و شێوه‌یه‌ ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هاورده‌ش به‌ڕێوه‌به‌رى ڤێترنه‌رى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئێران حاڵه‌تى ئه‌نفلۆنزاى باڵنده‌ى كوشنده‌ى هه‌یه‌، بۆیه‌ هیچ به‌روبومێكى په‌له‌وه‌ر له‌و وڵاته‌وه‌ نایه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان.

هاوكات عوسمان ئه‌بوبه‌كر، به‌ڕێوه‌به‌رى كوالێتى كۆنتڕۆڵى سلێمانى بۆ دواڕۆژ وتى: به‌هۆى نه‌خۆشى ئه‌نفلۆزاى باڵنده‌وه‌ هێنانى مریشك له‌ ئێرانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر بهێنرێت به‌ رێگه‌ى نایاسایى دێت، به‌ڵام رێژه‌كه‌ى زۆر نییه‌ و ناگاته‌ 500 مریشك.

پێشتر ره‌مه‌زان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كێڵگه‌ی په‌له‌وه‌ری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ساڵانه‌ 80 هه‌زار ته‌ن گۆشتی سپی له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هاورده‌ ده‌كرێت، كه‌ له‌ رووی ته‌ندروستییه‌وه‌ پشكنینی بۆ ده‌كرێت و دوای دڵنیابوون كه‌ هیچ نه‌خۆشی و ڤایرۆسێك له‌و گۆشته‌دا نییه‌ ئینجا رێگه‌ی پێده‌درێت بێته‌ ناو هه‌رێم.

هه‌روه‌ها رزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لەسنووری پارێزگای سلێمانی لەڕۆژێكدا نزیكەی 100 تەن گۆشتی سپی واتە مریشك و گۆشتی سووریش 60 تەن بەكاردێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە گۆشتی مریشك لەڕووی ئابورییەوە هەرزانترە.

بەپێی ئامارێكى بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی 565 كێڵگەی پەلەوەری لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە كە 730 هۆڵن، لەهەر وەجبەیەكدا 7 ملیۆن مریشكیان بەرهەمدێت، لە ساڵێكدا ئەگەر 5 وەجبەيان هەبێت 35 ملیۆن مریشك بەرهەمدێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە