ئێران هه‌وڵى رێكخستنى سه‌ردانێكى به‌شار ئه‌سه‌د بۆ به‌غدا ده‌دات

هەواڵ / عێراق :: 30/03/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كان ئاشكرایانكردووه‌: ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییانه‌ى له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن، چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌وڵێكى زۆر ده‌ده‌ن بۆ رێكخستنى سه‌ردانێكى به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكى سوریا بۆ به‌غدا له‌ماوه‌ى دوو مانگى داهاتوودا.


سایتى شه‌فه‌ق نیوز (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30ی ئازاری 2019) بڵاویكرده‌وه‌: هه‌ره‌یه‌ك له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران و به‌رهه‌م ساڵح خۆپارێزییان هه‌یه‌ له‌ رێكخستنى ئه‌و سه‌ردانه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چه‌ند ئیتعبارێكى جۆراوجۆر، له‌وانه‌ش دڵراگرتنى ئه‌مریكا، ترس له‌وه‌ى ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌وه‌لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ بۆ پته‌وكردنى میحوه‌رى تاران بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا كه‌ له‌ ئێستادا دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكایه‌، ئه‌وه‌ش به‌وه‌داده‌نرێت كه‌ عێراق چووته‌پاڵ میحوه‌رى ئێران به‌بێ ئه‌وانى تر.

شه‌فه‌ق نیوز ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌: فالح فه‌یاز راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى و سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى هه‌ڵده‌ستێت به‌ رێكخستنى ئه‌و سه‌ردانه‌ى ئه‌سه‌د له‌ماوه‌ى دوو مانگى داهاتوودا.

باس له‌وه‌ش ده‌كات: لایه‌نه‌كانى نزیك له‌ ئێران و قاسم سوله‌یمانى هه‌ڵده‌ستن به‌ سازانى كه‌شوهه‌واى سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌سه‌د بۆ به‌غدا به‌سه‌رۆكایه‌تى شاندێكى وڵاته‌كه‌ى.

ئاشكراشیكردووه‌: هێزه‌ مه‌ده‌نى و لیبرالییه‌كانى عێراق، له‌پاڵ چه‌ند هێزێكى عه‌ره‌بى سوننى و كوردیدا ئه‌و سه‌ردانه‌ى ئه‌سه‌د ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ هه‌ره‌یه‌ك لە عادل عه‌بدولمه‌هدى و به‌رهه‌م ساڵح خۆیان له‌ بانگهێشتى ئه‌سه‌د بۆ عێراق بپارێزن، به‌تایبه‌تى كه‌ ئه‌م حكومه‌تەى ئێستا واخۆى نیشانده‌دات كه‌ له‌گه‌ڵ هیچ میحوه‌رێكدا نییه‌.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌ى شه‌فه‌ق نیوزدا هاتووه‌: هه‌ندێك لایه‌ن له‌ناو هاوپه‌یمانى (فه‌تح)ى نزیك له‌ تاران، بیرۆكه‌ى دواخستنى گفتوگۆى ئه‌و سه‌ردانه‌یان پێشكه‌شكردووه‌ بۆ كاتێك كه‌ كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌دات سه‌باره‌ت به‌ كورسییه‌كه‌ى سوریا لە كۆمكاره‌كه‌دا.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure