یەکێتی و پارتی كۆبونه‌وه‌ى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ دەکەن

هەواڵ / کوردستان :: 30/03/2019‌ :: 2980‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بڕیارە هەردوو وەفدی یەکێتی و پارتی كۆبونه‌وه‌ى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بکەن و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت یەکلابکەنەوە.


بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ بڕیارە (ئەمڕۆ شەممە 30ی ئازاری 2019) هەردوو وەفدی دانوستانكارى یەکێتی نیشتیمانى كوردستان و پارتی دیموكراتى كوردستان دوا کۆبوونەوە بکەن و پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان یەکلابکەنەوە، به‌تایبه‌ت داخوازییه‌كانى یه‌كێتى له‌باره‌ى پشكه‌كانى له‌ كابینه‌ى نوێدا.

سەرچاوەیەکى به‌رپرس له‌ یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تازه‌ترین هەڵوێستی یەکێتی کە بە وەفدی پارتی راگەیاندووە ئەوەیە نابێت هەموو دۆسیە گرنگەکان لای لایه‌نى دووه‌م بێت، بۆ نمونە دۆسیەی ئەمنی کە خۆی لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایشدا دەبینێتەوە پێویستە یەکێکیان لای ئه‌وان بێت. هەروەها دۆسیەی دارایی کە خۆی لە وەزارەتی دارایی و ئابوری و وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا دەبینێتەوە، دەبێت یەکێکیان بۆ یەکێتی بێت.

سەرچاوەکە، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، وتیشى: "پارتی تائێستا وەڵامی یەکلاکەرەوەی نەداوەتەوە و تا درەنگانی شەوی رابردوو له‌ گفتوگۆدابووین تا بگه‌ینه‌ چارەسەرێکی هاوبەش" دوپاتیشیكرده‌وه‌ "ئەگەر نەگەینە چارەسەر، ئەوا ئێمە پلانی بی-مان هەیە و لەکاتی خۆیدا رایدەگەیەنین و مەرج نییە ببین بە ئۆپۆزسیۆن".

شه‌وى رابردوو مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به‌ سه‌رپه‌رشتى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، جێگرى سكرتێرى گشتى له‌ هه‌ولێر كۆبونه‌وه‌ و دوایین پێشنیارى خۆى سه‌باره‌ت به‌ پشكه‌كان ئاراسته‌ى پارتى كرد.

دەربارەی هەڵوێستی گۆڕان لەم پرسانەدا، سەرچاوەکەی یەکێتی وتی: "گۆڕان کێشەیەکی نەماوە لەگەڵ پارتیدا ئامادەیە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەماندا بە دەنگدانی ئاشکرابکرێت، ئەمەش نیشانەی بێ متمانەییە و هەموو پرۆسەیەکی لەو جۆرە بە دەنگدانی نهێنی دەکرێت".

سەرچاوەکەی دواڕۆژ وتیشی: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوا کۆبوونەوە دەبێت و ئێمە لەسەر ئەو داواکاریانە یەکدەنگین و هەڵوێستمان نەگۆڕاوە".

كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ پاش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه‌ و تیایدا خوێندنه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌یاساى هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بكرێت كه‌ پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانى پارتى و گۆڕان و به‌شێك له‌ پێكهاته‌كان پێشكه‌شكرا.

پ: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure