داواى به‌له‌م ده‌كرێت بۆ رزگاركردنى هاوڵاتیانى ناوچه‌ كوردییه‌كانى دیاله‌

هەواڵ / کوردستان :: 29/03/2019‌ :: 16494‌ جار بینراوە
لافاو

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ هۆشدارى ده‌داته‌ حكومه‌تى خۆجێى دیاله‌ له‌باره‌ى دروستبوونى لافاو له‌ ناوچه‌كانى خانه‌قین، مه‌نده‌لى، به‌نداوى حه‌مرین، ناوچه‌ى قه‌زانییه‌ و ئیمام وه‌یسى نزیك خانه‌قین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داوا ده‌كات به‌له‌م و كه‌ره‌سته‌ فریاگوزارییه‌كان دیكه‌ ئاماده‌بكه‌ن بۆ رزگاركردنى هاوڵاتیان. 

له‌ نوسراوێكى فه‌رمیدا ئەنجومەنی پارێزگای دیالە ھۆشداری دەداتە دیوانی پارێزگای دیالە سەبارەت بە دروستبوونی لافاو  لە خانەقین، مەندەلی، به‌نداوى حه‌مرین  و ناوچه‌ى قەزانیە و هه‌روه‌ها ئیمام وه‌یسى نزیك خانه‌قین. 

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ داوایانكردووه‌، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بخرێنه‌ حاڵه‌تى ئامادەباشییه‌وه‌، هاوكات پێداوێستى و كه‌ره‌سته‌ى فریاگوزاری ئامادە بکەن بۆ رزگارکردنی ھاوڵاتیان و دابینکردنی بەلەم بۆ حاڵه‌تى دروستبوونى لافاو.

لاى خۆشیه‌وه‌ زاهید تاهیر، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى دیاله‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "پێشتر نوسراویان ئاراسته‌ى پارێزگارى دیاله‌ كردووه‌ و دوێنێش له‌لایه‌ن كه‌شناسیى به‌غداوه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ لە سبەینێوە شه‌ممه‌ 30ى ئازارى 2019 تاکو ڕۆژی دوو شەممەی داھاتوو شەپۆلی باران به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌رى هاتنى لافاو لە ئێرانەوە بۆ خانه‌قین له‌ ئارادایه‌ و ناوچه‌كانى  خانەقین، مەندەلی، قەزانیە، دۆڵی ئیمام وەیسى نزیك خانه‌قین و به‌نداوى حه‌مرین ده‌گرێته‌وه‌". 

وتیشى: "بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نووسراویان ئاراسته‌ى پارێزگارى دیاله‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بخه‌نه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیه‌وه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ حاڵه‌تى نه‌خوازراو پێویسته‌ هاوڵاتیانى ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ نزیكن له‌ وڵاتى ئێرانه‌وه‌ ئاگادارى خۆیان بن به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى نزیك له‌ چه‌م رووبارى ئه‌ڵوه‌ن و دۆڵ و ناوچه‌ نزماییه‌كان". 

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure