"پارتی نەرمی بەرامبەر یەكێتی دەنوێنێت"

هەواڵ / کوردستانی :: 29/03/2019‌ :: 6772‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاریان عەلی


پارتی دیموكراتی كوردستان نەرمی بەرامبەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەنوێنێت و ئێوارە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكرێت، ئەگەریش هەیە سبەی كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی بكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: "كاتژمێر 6:00 ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشاری هەولێر ئەنجام دەدرێت".

لەلایەكی ترەوە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ دواڕۆژ ئەوەی ئاشكرا كرد: "پارتی نەرمی نواندووە بەرامبەر داواكاریەكانی یەكێتی".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد: "پارتی و یەكێتی ئەو باوەڕەیان بۆ دروستبووە كە جگە لە رێككەوتن هیچ ئەگەرێكی تر نییە، بۆیە هەردوولا نزیك بوونەوەتەوە لە رێككەوتن".

هاوكات عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد و وتی :"ئێوارە كە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دەكرێت چاوەڕێ دەكەین تا ئەنجامی كۆبوونەوە چی دەبێت".

 ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی ئاماده‌نه‌بوو سەبارەت بە كۆبوونەوەی سبەی نێوان شاندی باڵای یەكێتی و پارتی هیچ زانیاریەك ئاشكرا بكات، بەڵام دواڕۆژ زانیویەتی: "دوای كۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی یەكێتی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دەكرێت كە سبەی كۆبوونەوە  هەردوولا بكرێت".

پێداچونەوە: ئاهەنگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure