له‌باره‌ى دامه‌زراندنى ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانبه‌ر بۆ پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 29/03/2019‌ :: 1221‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێكه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ فه‌رمى كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ فه‌رمانبه‌رێكى بۆ دانه‌مه‌زاراوه‌، بەرپرسێکیش دەڵێت: "رۆژانە ئەفسەرانی سلێمانی دەهێنین بۆ رای کردنی کارەکان".

 
عه‌مید سالار عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى پاسپۆرتى سلێمانى (ئەمڕۆ هەینی 29ی ئازاری 2019) به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: ڕۆژانه‌ نزیكه‌ى 35 بۆ 40 ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانبه‌رمان له‌ شارى سلێمانییه‌وه‌ دێنه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ ڕاپه‌ڕاندنى ئیش و كارى هاووڵاتیان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌، چونكه‌ تا ئێستا چ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێم یاخود حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌ هیچ فه‌رمانبه‌رێك بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ دانه‌مه‌زراوه‌.

وتیشی: "دامه‌زراندنى ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانبه‌ر له‌ ئه‌ستۆى به‌رپرسانى ئیدارى ئه‌م شاره‌دایه‌ و ئێمه‌ش له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى سلێمانى ئاماده‌ین خولى ڕاهێنان و شاره‌زایى و پسپۆڕى به‌و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانه‌ بده‌ین كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌مه‌زرێن".

لەوبارەیەوە موقده‌م سالار سه‌ردار، به‌ڕێوه‌به‌رى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین ئیش و كاره‌كانمان به‌ باشى به‌ڕێوه‌ببه‌ین پێویستمان به‌ دامه‌زراندنى 30 ئه‌فسه‌ر و فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌، چونكه‌ ناكرێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى له‌م شیوه‌یه‌ هیچ كارمه‌ندێكى نه‌بێت و له‌ شاره‌كانى تره‌وه‌ فه‌رمانبه‌رى بۆ بهێنین، بۆیه‌ كارى سه‌ره‌كیمان له‌م قۆناغه‌دا دامه‌زراندنى ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ند ده‌بێت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى عێراقى.

ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ش دەڵێت: "ئه‌گه‌ر پێشتر هه‌وڵه‌كانمان بۆ كردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ بوبێت ئه‌وا له‌مه‌ودوا هه‌وڵه‌كانمان بۆ دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ره‌ بۆ زۆرێك له‌ داموو ده‌زگاكانى حكومه‌ت چونكه‌ جگه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆرتى هه‌ڵه‌بجه‌ چه‌ندین به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى دیكه‌شمان هه‌یه‌ پێویستى به‌ فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌".

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure