کاتی ئەنجاندانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی پۆلی 12 و 9 راگەیەندرا

هەواڵ / کوردستانی :: 28/03/2019‌ :: 9041‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

 

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: تاقیكردنه‌وه‌كانى سه‌رجه‌م خوێندكاران له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌هۆى مانگى ره‌مه‌زانەوە پێشناخرێت.

به‌شدار عه‌بدولخالق، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 28ى ئازارى 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ باس له‌ پێشخستنى كاتى تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌كه‌ن.

وتیشى: "سه‌رجه‌م تاقیكردنه‌وه‌كانی خوێندكاران له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجامده‌درێن".

هاوكات سامان سیوه‌یلى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى هه‌رێم له‌ راگه‌یاندراوێكدا ئاشکرایکردووە: هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە باس لەپێشخستن یان پاشخستنی وادەی ئەنجامدانی ئەزموونە گشتیەکانی پۆلی (12)ی ئامادەیی و تاقیکردنەوەی نیشتمانی پۆلی (9)ی بنەڕەتی، دەکەن، بۆیە سەرجەم خۆێندکارانی هەردوو قۆناغ دڵنیادەکەینەوە کە وادەی تاقیکردنەوەکان هیچ گۆڕانکاریەکیان بەسەر نەهاتووە و لەوادەی خۆیاندا ئەنجامدەدرێن.

به‌پێی ساڵنامه‌كه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی وه‌رزی دووه‌م بۆ پۆله‌ ناكۆتاكان له‌هه‌ردوو قۆناغی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی به‌هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌، له‌ رۆژى 11ى ئایار ده‌ستپێده‌كات و بۆ ماوه‌ی نۆ ڕۆژ به‌رده‌وامده‌بێت، هه‌روه‌ها تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی وه‌رزی دووه‌می په‌یمانگاكانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌مان رێكه‌وت ده‌ستپێده‌كات و تاوه‌كو 23ى ئایار به‌رده‌وامده‌بێت.

هه‌ر به‌پێى خشته‌كه‌، له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 26ى ئایار تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌ی به‌ به‌شه‌كانی (زانستی، وێژه‌یی، پیشه‌یی و ئیسلامی) ده‌ستپێده‌كات و به‌پێی خشته‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ره‌چاوكردنی پشووی جه‌ژنی ره‌مه‌زان له‌ هه‌فته‌یه‌كدا سێ رۆژ تاقیکردنەوە ئه‌نجامده‌درێت.

سه‌باره‌ت به‌ تاقیكردنه‌وه‌ى نیشتمانی پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی، ئه‌وا له‌ رۆژى 27ى ئایار به‌پێى خشته‌یه‌كى تایبه‌تى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌، ده‌ستپێده‌كات.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure