له‌باره‌ی لافاوه‌وه ئێران هۆشداری ده‌داته عێراق
هەواڵ / عێراق :: 28/03/2019 :: 5168 جار بینراوە
به‌نداوه‌كان چیتر توانای گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران و لافاویان نییه
دواڕۆژ، به‌غدا
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی شاره‌زایان له رێكخراوی كه‌شناسی جیهانی رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه عێراق ئاگاداركردوه‌ته‌وه كه به‌نداو و گه‌نجینه ئاوییه‌كانی سه‌ر سنور به‌ته‌واویی پڕبوون و چیتر توانای گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران و لافاویان نییه.
سادق عه‌تییه، ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌زایان له رێكخراوی كه‌شناسی جیهانی و پێشبینیكاری كه‌شناسی دیاری عێراق (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 28ی ئازاری 2019) له راگهیەنراوێكدا كه كه‌مێك پێش ئێستا بڵاویكردۆته‌وه، ده‌ڵێت: "لایه‌نی ئێرانی، عێراقی ئاگاداركردۆته‌وه، كه به‌نداو و گه‌نجینه ئاوییه‌كانی شاره‌كانی هاوسنوری هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی و دیاله بەتهواویی پڕبوون، چیتر ئه‌وان ناتوانن ئاوی باران و لافاوه‌كان گلبده‌نه‌وه، پێشبینیده‌كرێت، باران و لافاوی تریش ببارێت".
سادق عه‌تییه، ده‌شڵێت: "ئه‌و هۆشدارییه‌ی سه‌ره‌وه واتا لافاوه‌كان راسته‌خۆ له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا، به ئاڕاسته‌ی سنوری عێراق دێن، له‌وانه‌شه بێته ناو چه‌م و دۆڵه‌كانی ئهڵون و گنگیر و حه‌ڕان".
عه‌تییه جه‌ختیشده‌كاته‌وه: پێویسته له‌سه‌رمان خه‌ڵكی شار و شارۆچكه و گونده‌كانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی و قازانییه ئاگاداربكه‌ینه‌وه، داوایان لێبكه‌ین له‌و ناوچانه‌دا وریابن، چاودێری به‌رزبوونه‌وەی ئاوی رووبار و چه‌مه‌كان بن، رێوشوێنی پێشوه‌خت بگرنه‌به‌ر، بۆ پاراستنی سه‌روماڵ و سامانیان.
پێداچوونەوە: ئارام غەفور