سه‌یدسادق.. سه‌دان یه‌كه‌ى نیشته‌جیبوون ته‌واوبوون و به‌ره‌و وێرانبوون ده‌چن

هەواڵ / ئابوری :: 31/03/2019‌ :: 315‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

"ماوەی 10 ساڵە وەک فەرمانبەر دامەزراوم لە یەکێک لە فەرمانگەکانی سەیدسادق، هاوکات ماوەی شەش ساڵیشه‌ هاوسەرگیریم کردووەو خاوەنى دوو منداڵم، ئەوکاتەی کە پرۆسەی هاوسەرگیریم ئەنجامدا دروستکردنی ئەو یەکە نیشتەجێبwونانەی لە قۆناغی کۆتایدا بوون، له‌وكاته‌وه‌ به‌هیوام لەگەڵ تەواوبوونیاندا دابەشبکرێن و ئێمەش لە کرێچێتی ڕزگارمان ببێت"، ئه‌مه‌ قسه‌ى ئاکۆ حەمە رەشیدە کە لە خانووی کرێدایە و به‌رده‌وام چاوى له‌سه‌ر دابه‌شكردنى ئه‌و شوقانه‌یه‌.


ماوه‌ى پێنج ساڵه‌ 12 باڵه‌خانه‌ى سێ نهۆمى كه‌ 144 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌ خۆده‌گرێت، به‌ بڕى حه‌وت ملیار دینار له‌ قه‌زاى سه‌یدسادق دروستكراون، به‌ڵام تا ئێستا هیچكام له‌و یه‌كانه‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شنه‌كراون و خه‌ریكه‌ به‌ره‌و وێران بوون ده‌چن.

ئاكۆ حه‌مه‌ ره‌شید، یه‌كیك له‌ هاووڵاتیانى قه‌زاى سه‌یدسادق به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ كرێنشین له‌ قه‌زاى سه‌یدسادق هه‌یه‌ و به‌ سه‌دان فه‌رمانبه‌رو مامۆستاش هه‌ن تا ئێستا سودمه‌ندنه‌بوون له‌ وه‌رگرتنى زه‌وى و یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون، به‌ڵام ماوه‌ى 5 ساڵه‌ زیاد له‌ 140 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌ قه‌زاى سه‌یدسادق ته‌واوبوون و تا ئێستا به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌شنه‌كراون.

وتى: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى هیچ پاسه‌وانێك بۆ ئه‌م باڵه‌خانانه‌ دانه‌نراوه‌، ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژ كه‌ره‌سته‌ و پێداویستییه‌كانى ناو ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبوونانه‌ به‌ره‌و شكاندن و له‌ ناوچوون ده‌چن، ئه‌گه‌ر هه‌روا بمێننه‌وه‌ و دابه‌شنه‌كرێن له‌ داهاتوودا ته‌نیا دیوار و هه‌یكه‌لى بیناكه‌ ده‌مێنێته‌وه‌و ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ى له‌و باڵه‌خانانه‌دا خه‌رجكراون به‌ فیڕۆ ده‌چێت".

دیارى ره‌فیق، قایمقامى قه‌زاى سه‌یدسادق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ به‌ بڕى حه‌وت ملیار دینار جێبه‌جێكراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كانى رێگاوبان و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و هێڵى كاره‌بان بۆ ڕانه‌كێشراوه‌ نه‌مانتوانیوه‌ دابه‌شى بكه‌ین به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا.
 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، چه‌ند رۆژێكه‌ نوسراومان ئاڕاسته‌ى لاینه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریانه‌ى كه‌ ماوه‌ی جێبه‌جێبكرێن و دواتر له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا به‌ پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك له‌ قایمقامیه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شه‌هیدان دابه‌شى بكه‌ین به‌سه‌ر كرێنشیان و فه‌رمانبه‌ران و كه‌سوكارى شه‌هیداندا.

عەتا قادر، لێپرسراوی فەرمانگەی کارەبای قەزای سەیدسادق، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ڕاکێشان و دابینکردنی کارەبا بۆ ئەو باڵەخانانە پێویستی بە بودجەیەکی تایبەت هەیە، چونکە شوێنی هەڵکەوتەی ئەم یەکانە لەگەڵ وێستگەی کارەبای سەیدسادق زۆر دوورن و دەبێت لە وێستگەکەوە پەناڵی تایبەت راکێشین، چونکە پێویستیان بە بڕی سێ مێگاوات کارەبا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد: هەرکات لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنە و شارەوانی و قایمقامییەت پێداویستییەکانمان بۆ دابینبکەن، بێگومان ئێمەش لە خێرا ترین کاتدا دەستبەکارەکانمان دەکەین و کارەبای پیویستیان بۆ دابین دەکەین.

لاى خۆیه‌وه‌ نه‌به‌رد حسێن، سه‌رۆكى شاره‌وانى سه‌یدسادق ئه‌وه‌ى به‌ دواڕۆژ  راگه‌یاند: ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ شاره‌وانى سه‌یدسادقه‌وه‌ هه‌یه‌ نوسراومان ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و به‌شى هونه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى شاره‌وانییه‌كان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگاسازى و خزمه‌تگوزاییه‌كانى دیكه‌ى ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبوونانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى ئه‌وان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌ى پێویستى بۆ دابینبكه‌ن و ئێمه‌ش ده‌ست به‌كاره‌كانمان بكه‌ین.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure