گه‌شتوگوزار: گەشتیاران له‌ 10 رۆژدا زیاتر له‌ 72 ملیۆن دۆلاریان خه‌رجكردووه‌

هەواڵ / ئابوری :: 28/03/2019‌ :: 362‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى كۆچه‌ر عه‌لی 

هاوشێوه‌ی وڵاتانی جیهان، چه‌ندین بنه‌مای گه‌شتیاری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌شتیاران له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ى سه‌ردانی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كوردستان بكه‌ن، به‌پێی ئاماریكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێمیش  زیاتر له‌ سێ هه‌زار شوێنی گه‌شتیاری هه‌یه‌، كه‌ له‌وانه‌ش دوو هه‌زار و 800 شوێنیان پێكهاتوون له‌ شوێنی پێشوازی، وه‌ك ئوتێل و مۆتێل و رێستۆرانت و شوێنه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان.


گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ئاشكرایده‌كات هاتنی گه‌شتیاران له‌ رۆژانی نه‌ورۆز به‌راورد به‌ نه‌ورۆزی رابردوو زیادیكردووه‌ و ئابووریناسێكیش ده‌ڵێت: گه‌ر حكومه‌ت بایه‌خ به‌م كه‌رته‌ بدات ئابووری هه‌رێم له‌و كه‌رته‌دا گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌كات. 

نادر روستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ گه‌شتیارێكی زۆر رووی تێبكات و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمیش هه‌وڵی جدیانداوه‌ بۆ باشتركردنی كه‌رتی گه‌شتیاری و تا دێت پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ كه‌رتی گه‌شتیاری زیاتر ده‌كرێت.

به‌پێی ئامارێكى گه‌شتوگوزار زیاتر له‌ 170 شوێنی دیكه‌ی گه‌شتیاری زۆر سه‌رنجراكێش هه‌ن كه‌ 12 جۆری گه‌شتوگوزاری (ئایینی، سروشتی، چاره‌سه‌ر)ی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌، ئه‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییانه‌ بوونه‌ته‌ جێگه‌ی سه‌رنجی گه‌شتیارانی عێراق و وڵاتانی تر.

روستى رونیكرده‌وه‌: "ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار رێككه‌وتن و گرێبه‌ستی هێنانی گه‌شتیاری له‌گه‌ڵ 70 كۆمپانیای ناوخۆی و ده‌ره‌وه‌دا كرد كه‌ زۆربه‌ی كۆمپانیاكان له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقن و به‌شێكی تریشیان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بین، كه‌ ئه‌م كۆمپانیایانه‌ رۆڵێكی باشیان له‌ هێنانی گه‌شتیاردا هه‌یه‌ بۆ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان". 

هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی داعش له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا هاتنی رێژه‌ی گه‌شتیاران رووی له‌ دابه‌زین كرد، به‌ڵام به‌هۆی باشتربوونی دۆخی ئابووری و نه‌مانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌، هاتنی گه‌شتیاران زیادبووه‌، به‌جۆرێك وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌ پلانیدا ئه‌مساڵ هاتنی گه‌شتیار بۆ هه‌رێم زیادبكات.

له‌ ئامارێكى دەستەی گەشتوگوزاری هه‌رێم، کە پشتی بەستووه‌ بە زانیاری و ئاماری بازگە و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان له‌ ماوه‌ی (10) رۆژ له‌ 12 تا 22ی ئازارى ئه‌مساڵ 243 هەزار گەشتیار به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ به‌جۆرێك بە رێژەی له‌ 73% لە خوار و ناوەڕاستی عێراق و 16% لە ئێران و 6% لە تورکیا و 5% لە وڵاتانی دیکە بووە.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌ بەراورد بە نه‌ورۆزی ساڵی رابردوو بە 4% هاتنی گه‌شتیاران زیادیکردووە، به‌جۆرێك ساڵی رابردوو 234 هەزار گەشتیار هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم. 

گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌رتی گه‌شتیاری ته‌نیا له‌ زیادكردنی ژماره‌ی گه‌شتیاران نییه‌، به‌ڵكو به‌شێكی گرنگی بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری بریتیه‌ له‌ زیادبوونی داهات. 

نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێم بۆ دواڕۆژ ووتى: به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی حكومه‌ت دایناوه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌ و له‌ ساڵی رابردووشه‌وه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ گه‌شتیارییانه‌ی كه‌ تێكچوون و هه‌ندێكی تریان له‌ رووی شیاوی بۆ گه‌شتیاران نه‌گونجاو بوون ئه‌وانه‌ش كاری تێداده‌كرێت. 

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌شى خستنه‌ڕوو: "هه‌ر گه‌شتیارێك كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان 300 تا 350 دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم خه‌رج ده‌كات، ئه‌مه‌ش داهاتێكی باشه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و هۆكاریگی گرنگه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ی جموجۆڵ و بووژانه‌وه‌ی بازاڕ". 

به‌ وته‌ى وه‌زیری شاره‌وانی ته‌نیا له‌ 10 رۆژی مانگی ئازاری ئه‌مساڵ كه‌ 243 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێم و گه‌شتیاران (72) ملیۆن و (900) هه‌زار دۆلار پاره‌یان خستۆته‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم.

شاره‌زایه‌كی بواری گه‌شه‌پێدانی گه‌شتیاریش پێیوایه‌ هێشتا شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم به‌ به‌راورد به‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان له‌ ئاستێكی نزمدایه‌، به‌هۆی بایه‌خنه‌دانی حكومه‌ت به‌م كه‌رته‌، شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان نه‌بوونه‌ته‌ جێی سه‌رنجی گه‌شتیارانی بیانی. 

ئاره‌زوو خۆشناو، شاره‌زایی بواری گه‌شه‌پێدانی بواری گه‌شتیاری به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: راسته‌ شوێنی گه‌شتیاری زۆره‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم و وایكردووه‌ هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی خوارووی عێراق سه‌ردانی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم بكه‌ن، به‌ڵام هێشتا ئه‌و شوێنانه‌ نه‌بوونه‌ته‌ هۆكاری راكێشانی گه‌شتیارێكی زۆر. 

ناوبراو وتیشی: "كاتێك ده‌چێته‌ وڵاتان و سه‌یری شێوازی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانیان ده‌كه‌یت جگه‌ له‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی پاكی هه‌یه‌، شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان رۆح و سه‌رنج مرۆڤ تێرده‌كه‌ن و گه‌شتیار شتی جیاواز ده‌بینێت، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و ئاسته‌دانییه‌ و هێشتا پێویستی به‌ بووژانه‌وه‌ی زیاتره‌". 

ئه‌و پسپۆڕه‌ ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم بیه‌وێت كه‌رتی گه‌شتیاری به‌هێز بكات، ده‌بێت ساڵانه‌ بووجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكات و هه‌موو ئه‌و شوێنه‌ ئایینی و سروشتی و مێژوویانه‌ به‌ شێوازی سیستمی كۆن نۆژه‌ن بكاته‌وه، دیزاینی ئه‌و شوێنانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆندا هه‌بوو كه‌ له‌ كتێبه‌كانی شوێنه‌وارناسیدا باسكراوه‌ به‌م جۆره‌ نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌ نه‌ك به‌و جۆره‌ دیزانینانه‌ كه‌ پێناسه‌ی بیناسازی ئێستا بكه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵك كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان حه‌ز ده‌كه‌ت ئه‌و دیمه‌نانه‌ ببینێت كه‌ له‌ كۆندا هه‌بوون. 

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە