"رێكنه‌كه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی ده‌رباره‌ى پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك نییه‌"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 28/03/2019‌ :: 701‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

دوای چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ تائێستا پارتی و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنی ته‌واو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پێیوایه‌ پێكنه‌هاتنی ئه‌و دوو حزبه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی پۆسته‌ نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك. 


180 رۆژه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدراوه‌ و زیاتر له‌ چوار مانگیشه‌ ئه‌ندامانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان سوێندی یاساییان خواردووه‌ و له‌و ماوه‌یه‌شدا پارتی و یه‌كێتی یازده‌ كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌و دوولایه‌نه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم. 

كاروان هاشم، ئه‌نجامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت پارتی و یه‌كێتی كێشه‌ی یاساییان نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی باڵه‌كانی ناو حزبیان هه‌یه‌ كه‌ چ كه‌سێك فڵانه‌ پۆست وه‌رگرێت و كێ ئه‌و پۆست وه‌رگرێت. 

وتیشی: "ئه‌وان له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك نییه‌ كه‌ رێك ناكه‌ون به‌ڵكو له‌سه‌ر باشترین پۆست و پله‌یه‌ كه‌ لای كامیان بێت و ئه‌و ململانێیه‌ش له‌ مێژه‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ كه‌ پێشتر ده‌یان توانی به‌ رێككه‌وتن له‌ نێوان شاندی باڵای هه‌ردوولا یه‌كلایی بێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا باڵه‌كانی ناو هه‌ردوو حزبه‌كه‌ به‌هێزن بۆیه‌ رێكناكه‌ون. 

له‌ سه‌رجه‌م كابینه‌كانی رابردوودا گه‌رچی كۆبوونه‌وه‌كان درێژه‌شیان كێشابێت، به‌ڵام كۆتاجار هه‌ردوولا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێكهینانی حكومه‌ت، به‌ڵام لایه‌نێكی سیاسیی پێی وایه‌ ساڵ له‌ دوای ساڵ ئه‌و دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ سوور تر ده‌بن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و مافی میلله‌ت پێشێل ده‌كه‌ن. 

عه‌بدولڵا وه‌رتی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی و وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی پڕه‌نسیپه‌كانی هه‌ڵبژاردن پێویسته‌ ئه‌و لایه‌لانانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست دێنن ده‌بێت  له‌ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان كاتێكی زه‌مه‌نی دیاری بكرێت بۆ ده‌ستنیشان كردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و لایه‌نانه‌ی سه‌رده‌كه‌ون له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان زیاتر پۆست و ئیمیتیازات وایان لێده‌كات رێكنه‌كه‌ون. 

وتیشی: "پێویسته‌ ئه‌و هێزانه‌ به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ی هه‌رێم بكه‌ن، چونكه‌ خه‌ڵك چه‌ند ساڵه‌ له‌سه‌ر قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕو نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ئارامی گرتووه‌و پێویسته‌ به‌ زووترین كات دام وده‌زگا نیشتمانی و خزمه‌تگوزارییه‌كان پێكبهێندرێن و خزمه‌تی هاوڵاتیان بكه‌ن، چونكه‌ گه‌ر وانه‌كه‌ن خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵبژاردن له‌ دوای هه‌ڵبژاردن سارد ده‌بێته‌وه‌ رێژه‌ی به‌شداری كردنیش كه‌متر ده‌بێته‌وه‌". 

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر له‌وه‌ زیاتر پرۆسه‌ی پێكهینانی حكومه‌ت داوبكه‌وێت كۆی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار و له‌ داهاتووشدا مه‌ترسی خراپ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌كان و په‌رله‌مان و حكومه‌ت دروست ده‌بێت و هاوڵاتیانیش زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بن له‌ پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی تازه‌.

دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاروه‌ و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانیش ده‌بێت. 

هیوا عومه‌ر، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعی كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وی خسته‌ڕوو: دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كایگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتیان جێهێشتووه‌ و له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌ستكراوه‌ی حكومه‌ت و نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی چاودێری له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ بكات.

له‌باره‌ی هۆكاری رێكنه‌كه‌وتنی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێمیشه‌وه‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی حزبی شیوعی ئه‌وه‌شی گوت: "هۆكاره‌كانی رێكنه‌كه‌وتنی هه‌ردوو له‌ راستیدا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ هه‌ردوولا چۆن بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌كی باشیان هه‌بێت كه‌ بتوانێ خزمه‌تی هاوڵاتیان بكات و له‌ پێناو ئه‌دایه‌كی پێشكه‌وتووی حوكمڕانی بێت و بیانه‌وێ قه‌یرانی دارایی چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م و ناكۆكییه‌كانیان په‌یوه‌ندی به‌و روئیا خراپه‌وه‌ هه‌یه‌ كه ئه‌وان له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا كێبڕكێده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو جومگه‌ گرنگه‌كانی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان قۆرخ بكه‌ن و چۆن بتوانن له‌ چوار چێوه‌ی حزبی پۆسته‌كان دابه‌شبكه‌ن.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure