لە ماوەی هەفتەیەكدا 18 هەزار هاوڵاتی ئێرانی لە یەک دەروازەوە هاتونەتە هەرێم

هەواڵ / ئابوری :: 27/03/2019‌ :: 188‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

لەماوەی یەك هەفتەدا 18 هەزار هاوڵاتی ئێرانی لە ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆرانیش دەڵێت: "هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ هەرێم كاریگەری زۆری كردەسەر بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاریی". 


موقەدەم زرار حسێن، بەڕێوەبەری پاسپۆرت و نشینگەی حاجی ئۆمەران (ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئازاری 2019) لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ وتی: "لە رۆژی 19- تا 26ی ئازار كه دەكاتە یەك هەفتە 18 هەزار هاوڵاتی كە زۆرینەیان گەشتیار بوون، لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕێگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هاتونەتە هەرێمی كوردستان". 

باسی لەوەشكرد: بەراورد بە نەورۆزی ساڵی رابردوو هاتنی گەشتیاران بە رەگەز ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان زیادیكردووە، هۆكاری زیادبوونی هاتنی گەشتیارانی ئێرانیش بەشێكی زۆری پەیوەندی بە هەڵگرتنی باجەوە هەبووە لەسەریان. 

لەلایەكی دیكەوە و لەبارەی كاریگەری هاتنی گەشتیاران لەسەر بوژاندنەوەی گەشتوگوزار بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە دواڕۆژی راگەیاند: هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاری ئێرانی تەنها لە یەك دەروازە كاریگەی زۆر باشی هەبووە لەسەر بوژاندنەوەی كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان بە گشتی و دەڤەری سۆران بە تایبەتی. 

باسی لەوەشكرد: زۆرینەی زۆری ئەو گەشتیارانەی كە لە ئێرانەوە و بە دەروازەی حاجی ئۆمەران هاتونەتە هەرێم لە دەڤەری سۆران ماونەتەوە.  

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە