گۆڕان له‌باره‌ى زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 27/03/2019‌ :: 8326‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، ئەگەر بێ پرسی ئه‌وان جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیادبكرێت، قسەی خۆیان لەگەڵ پارتی دەبێت.


چالاك موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەدواڕۆژی راگەیاند: لەوردەكاری زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاگادار نییە، بەڵام ئەگەر جێگرێكی دیكە زیادبوو، ئەوان پەیوەندییان بەیەكێتییەوە نییە، چونكە رێككەوتنی نووسراویان لەگەڵ پارتی هەیە و لەو رووەوە قسەی خۆیان لەگەڵ پارتی دەبێت.

دەربارەی ئەوەی ئاساییه‌ به‌لایانه‌وه‌ جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، له‌ كاتێكدا جێگری سه‌رۆك بۆ ئه‌وان دانراوه‌، موهەندیس وتی: "بێگومان كە دەبێتە دوو جێگر واتا دەسەڵاتەكان زیاتر دابەش دەكرێت، خۆ ئەگەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەشێوەیەكی تەوافوقی بێت و بەشێوەیەك بێت كە ئەو سێ هێزەی بەشداری حوكم دەكەن لەپلە و پۆستەكاندا بەشێوەیەكی عادیلانە بێت، بەڕای من كێشە دروست ناكات، بەڵام لە حاڵەتی ئێستادا كە بەبێ پرسی گۆڕان ئەو جێگرە بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكرێت، ئێمەش قسەی خۆمان لەگەڵ پارتی دەبێت".

بەڵام سەرچاوەیەكی دیكە لە جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەگەر جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیادبكرێت و بدرێتە یەكێتی، ئەوە بەدڵنیاییەوە جێگرەكەی دیكە كە پشكی گۆڕانە دەبێتە پۆستێكی "رووكەش".

پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ یەكێتی دەگەنە رێككەوتن و یەكێتی لەهەرسێ سەرۆكایەتییەكە پشكیان دەبێت، واتا جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد دەكرێت، هەروەها سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەتیش بۆ یەكێتی دەبێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure