فۆبیای كۆنگره‌ لای حیزبه‌كان
دواى یه‌كێتی و پارتی، گۆڕانیش دوایخست

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 27/03/2019‌ :: 404‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم به‌بیانووی جۆراوجۆر به‌ستنی كۆنگره‌ دوادەخەن و هه‌یانه‌ نۆ ساڵه‌ كۆنگره‌یان نه‌به‌ستووه‌، چاودێرێكی سیاسیش پێیوایه‌ "به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ی ئەو حیزبانه‌ بۆ له‌ده‌ستنه‌دانی پێگه‌ی خۆیان ملناده‌ن بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ و كێشه‌ دروست ده‌كه‌ن". 


پرسی دواخستنی  كۆنگره‌ له‌ نێو حیزبه‌كانی كوردستان مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی ئه‌و دوو حیزبه‌ن كه‌ زۆربه‌ی كۆنگره‌كانیان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامنه‌داوه‌.

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ له‌ ساڵی 1975وه‌ دامه‌زراوه‌ و تاوه‌كو ئێستا سێ كۆنگره‌ی به‌ستووه‌ و هیچکام له‌ كۆنگره‌كانیشی له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامنه‌داوه‌.

زوبێر عوسمان، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: زۆربه‌ی حیزبه‌كان به‌ستنی كۆنگره‌یان دواخستووه‌و به‌ پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و حزبه‌كانیی تریشه‌وه‌.

به‌پێی په‌ێره‌وی كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی سی ساڵ و شه‌ش مانگدا یه‌كێتی كۆنگره‌یه‌كی تر ببه‌ستێت، زوبێر عوسمان لەوبارەیەوە دەڵێت: "كۆنگره‌ی یه‌كێتی زۆر دواكه‌وتووه‌، به‌داخه‌وه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2013وه‌ چواره‌م كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌وكات نه‌توانرا كۆنگره‌كه‌ ببه‌ستین و به‌پێی په‌یڕه‌ویش پلینۆم ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ سێ تا شه‌ش مانگ كۆنگره‌ دوابخات كه‌ ئه‌وكات بڕیاردرا له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2013 كۆنگره‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام هه‌ر رۆژه‌و به‌ بیانوویەك به‌ستنی كۆنگره‌ دوادەخرێت".
 
ده‌شڵێت: "یه‌كێكی تر له‌ هۆكاره‌كانی دواخستنی كۆنگره‌ نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال بوو كه‌ دواتر به‌ داخه‌وه‌ وه‌فاتی كرد و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ناو یه‌كێتی دروستكرد و دوای نه‌مانی مامیش تا توانرا یه‌كێتی بخرێته‌وه‌ سه‌ر سكه‌ی خۆی كاتێكی زۆری پێویستبوو، چونكه‌ به‌ هه‌موو یه‌كێتییه‌كان گه‌ر نیوه‌ی یه‌كێتی بین مام نیوه‌كه‌ی تری یه‌كێتی بوو".

زوبێر عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: یه‌كێكی تر له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ كۆنگره‌ی دواخست پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بوو كه‌ یه‌كێتی زۆر جدی بوو له‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی زیاد بكات و ئه‌و ئامانجه‌ش هاته‌دی كه‌ بووینه‌وه‌ دووه‌م حیزب له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و یه‌كه‌م حیزب له‌ زۆنی سه‌وز، ئێستاش هیچ بیانوویەك نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌نجامنه‌دانی كۆنگره‌.

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی روونیشیكرده‌وه‌: به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حیزب له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندییه‌ كه‌ ره‌شنووسی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بۆ كۆنگره‌ی چواره‌م ئاماده‌بكات، ئێستا ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ئه‌و ئه‌ركه‌ی جێبه‌جێ كردووه‌ و ره‌شنووسی په‌یڕه‌و ئاماده‌كراوه‌، له‌و ره‌شنووسه‌ مۆدێلی یه‌كێتی گۆڕیوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م قۆناغه‌ و بۆ دوای مام جه‌لال بگونجێت، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا به‌رپرسیارێتی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندییه‌ بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، چونكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندییه‌ رۆژی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ دیاری بكات، له‌ئێستادا دۆخی ناو یه‌كێتی به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕوات كه‌ كار بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كرێت و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ئه‌مساڵ كۆنگره‌ ببه‌سترێت، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێكی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی نایانه‌وێت كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و حیزبانه‌ی له‌ ساڵی 2010وه‌ هیچ كۆنگره‌یه‌كی ئه‌نجامنه‌داوه‌ و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌م حیزبه‌ش پێویسته‌ چوار ساڵ جارێك كۆنگره‌ ببه‌ستێت. 

به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حیزب، پارتی ده‌بوایه‌ له‌ رۆژی 11ی كانوونی یه‌كه‌می 2014 كۆنگره‌ی 14ی خۆی ئه‌نجام بدات، به‌ڵام ئەنجومەنی سەركردایەتی ئه‌و حیزبه‌ بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی له‌ رۆژی 9ی كانوونی یەكەمی 2014 كۆبووەوە، لە تەوەری پێنجەمی ئەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی باری ناوخۆ و رێكخستنی ئەو حیزبە كراو بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی 14ی پارتی درا كه‌ به‌پێی راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هۆكاری دواخستنی كۆنگره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بارودۆخی ئه‌وكاته‌ بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرە لەبارنییە، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە مادەی (22) ـ بڕگەی سێیەم ـ خاڵی یەكەم هەیەتی، تەمەنی یاسایی نێوان كۆنگرەی 13 و 14ی بۆ یەك ساڵ درێژكردەوە، بە ئومێدی ئەوەی لە ماوەی ئەم یەك ساڵدا هەر كاتێ زروفی مەوزوعی لەباربوو، كۆنگرە ببەسترێت، به‌ڵام له‌و ساڵه‌وه‌ پارتی چیتر باسی به‌ستنی كۆنگره‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌كرده‌وه‌.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی له‌ مادده‌ی 22دا هاتووه‌، نابێت درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی دواخستنی كۆنگره‌ له‌ ساڵێك زیاتر بێت. 
 
سه‌باره‌ت به‌ دواكه‌وتنی به‌ستنی كۆنگره‌ی 14ی حیزبه‌كه‌ی، محمود محه‌مه‌د، وته‌بێژى پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: دواخستنى كۆنگره‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌شه‌ڕى نه‌خوازراوى داعش و ئه‌و قه‌یرانانه‌ى ڕووبه‌رووى هه‌رێمى كوردستان بووەته‌وه‌ هه‌یه‌.

وتیشی: "له‌ دواى پێكهێنانى حكومه‌ت و ئاسایى بوونه‌وه‌ى دۆخى هه‌رێمى كوردستان و گونجانى زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار، سه‌ركردایه‌تى پارتى بڕیار له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆنگره ده‌دات‌".

بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیش كه‌ له‌ ساڵی 2007 له‌ هه‌ناوی یه‌كێتی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ 2009 به‌ فه‌رمی ده‌ستی به‌كاری سیاسی كرد تاوه‌كو ئێستا یه‌ك كۆنفرانسی نیشتمانی له‌ ساڵی 2013 ئه‌نجامداوه‌ و واده‌ی به‌ستنی كۆنفراسی دووه‌می تا ئێستا دیاری نه‌كردووه‌.

كاروان هاشم، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ دواڕۆژ روونیکردەوە: به‌پێی ده‌ستووری كاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گه‌ر دۆخی ناوخۆی هه‌رێم ئاسایی بێت چوار ساڵ جارێك ده‌بێت كۆنفرانسی نیشتمانی ببه‌سترێت، به‌و پێیه‌ش بێت ده‌بوایه‌ گۆڕان له‌ ساڵی رابردوو كۆنفرانسی دووه‌می نیشتمانی ئه‌نجامدابدایە، به‌ڵام دۆخی ناوخۆی هه‌رێم له‌بار نه‌بوو و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌شداری دوو هه‌ڵبژاردنی چاره‌نوسسزای كرد بۆیه‌ بڕیاردرا كۆنفرانسی نیشتمانی بۆ دوای هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دوا بخات.

وتیشی: "جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڕیاریداوه‌ له‌ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم كۆنفرانسی دووه‌می خۆی ئه‌نجام بدات كه‌ پێده‌چێت له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی داهاتوو كۆنفرانس ببه‌ستین".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی جڤاتی نیشتمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ماوه‌ی 10 ساڵه‌ گۆڕان دامه‌زراوه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ كۆنفرانسی شاره‌كانی ئه‌نجامداوه‌ و هه‌موو جارێكیش كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌نجام ده‌درێت گۆڕان كۆنفرانسی تایبه‌ت ئه‌نجامده‌دات.

كۆمه‌ڵی ئیسلامیش كه‌ له‌ 2001 له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی جیابووەته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستا سێ كۆنگره‌ی به‌ستووه‌، بڕیار وایه‌  ئه‌مساڵ كۆنگرەی چواره‌م‌ ببه‌ستێت.

عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ ده‌بێت چوار ساڵ جارێك كۆمه‌ڵ كۆنگره‌ ببه‌ستێت و له‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵیش چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵ تێپه‌ڕده‌بێت. 

وتیشی: "بڕیار وایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ له‌ باره‌ی بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی چواره‌م كۆببێته‌وه‌ و هه‌وڵی جدی ده‌ه‌ده‌ین كه‌ كۆنگره‌كه‌ له‌كاتی خۆی ئه‌نجامبدرێت. 
 
عه‌بدولستار مه‌جید باس لەوەش دەکات: كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌یان جیاواز ده‌بێت له‌گه‌ڵ كۆنگره‌كانی تر، هه‌وڵده‌ده‌ن  له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی حیزب كۆمه‌ڵ به‌ جه‌ماوه‌ری بكرێت و ده‌رگا به‌ ڕووی خه‌ڵكی تر بكاته‌وه‌ چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردووی په‌رله‌مانی كوردستان خه‌ڵكیكی غه‌یری ئیسلامی ده‌نگی به‌ كاندیده‌كانی كۆمه‌ڵداوه‌. 

هه‌رچی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیشه‌ كه‌ ته‌مه‌نی خه‌باتی سیاسی 25 ساڵه‌ تاوه‌كو ئێستا شه‌ش كۆنگره‌ی ئه‌نجامداوه‌ كه‌ هه‌موو كۆنگره‌كانی له‌كاتی خۆی بووه‌ و حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش شه‌ش كۆنگره‌ی ئه‌نجامداوه‌ كه‌ كۆتا كۆنگره‌ی له‌ ساڵی 2011 ئه‌نجامداوه‌ و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حیزبه‌كه‌ پێنج ساڵ دواكه‌وتووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌. 

له‌باره‌ی دواخستنی كۆنگره‌ی حیزبه‌كان، چاودێرێكی سیاسی پێی وایه‌ به‌شێك له‌و حیزبانه‌ی كۆنگره‌كانیان دواده‌خه‌ن به‌هۆی ململانێی نێوخۆی و شه‌ڕی كوتله‌كانه‌.

د. سه‌ربه‌ست عه‌بدولكه‌ریم، مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان و چاودێری سیاسی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌نجامنه‌دانی كۆنگره‌ی حیزبه‌كان زۆرجار په‌یوه‌ندی به‌ ترسی ئه‌نجامدانی ئینشیقاق هه‌یه‌ و هه‌ندێ جاریش به‌هۆی ململانێی باڵه‌كان و كوتله‌كانی نێوخۆی حیزبه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی خۆیان رێككه‌وتن ده‌كه‌ن بۆ دواخستنی كۆنگره‌.

دەشڵێت: "به‌شێك له‌ به‌رپرسی حیزبه‌كان كاتێك پێگه‌یان لاواز ده‌بێت له‌ناو حزبه‌كانیان و ده‌زانن گه‌ر كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت ئه‌و پێگه‌یه‌ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن بۆیه‌ دێن كێشه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی كۆنفرانس دروست ده‌كه‌ن و رێگه‌ ناده‌ن ئه‌نجام بدرێت كه‌ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ی باسم كردن دژی پره‌نسیپه‌كانی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و یاساكانه‌". 

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure