پاس بۆ ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌ دابینده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 27/03/2019‌ :: 2358‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

پاش گه‌یاندنى بیرۆکەی دابینكردنى پاسى گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتییان و گه‌شتیاران له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌ و سیته‌ك، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى سوپاسى دواڕۆژ ده‌كات بۆ گه‌یاندنى ئه‌م بیرۆکەیە و ده‌ڵێت: "جێبه‌جێى ده‌كه‌ین" هاوكات فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى سلێمانى ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى.


ساڵانه‌ له‌ ده‌ستپێكى به‌هار و وه‌رزى گه‌شتوگوزار ده‌یان هه‌زار گه‌شتیار روو له‌ سلێمانى ده‌كه‌ن،  هه‌ر گه‌شتیارێكیش كه‌ دێته‌ سلێمانى ئه‌گه‌ر سه‌ردانى چیاى ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌ نه‌كات و وێنه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سلێمانیدا نه‌گرێت وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ نه‌هاتبێته‌ ئه‌م شاره‌، سه‌ره‌تاى وه‌رزى گه‌شتوگوزار جگه‌ له‌ هاتنى گه‌شتیارێكى زۆر و  چوونه‌ سه‌ر ئه‌و دوو چیایه‌، هاوكات هاووڵاتییان   ئێواران به‌مه‌به‌ستى سه‌یران و گه‌ڕان ده‌چنه‌ ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌.

سدیق محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى گواستنه‌وه‌ى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تائێستا بیرمان له‌مه‌ نه‌كردبووه‌وه‌، بیرۆکەکەتان زۆر له‌جێى خۆیه‌تى  و سوپاستان ده‌كه‌م، چونكه‌ دواجار گه‌شتیار و خه‌ڵكى هه‌ژار سوودى لێ وه‌رده‌گرێت و خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكى سلێمانى ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچه‌یه‌ش زیاتر ده‌بوژێته‌وه‌.

وتیشی: "دواى دانانى پاسى شه‌وانه‌ بۆ شه‌قامى بازنه‌یى مه‌لیك مه‌حمود، ئه‌وكات بیر له‌ جێبه‌جێكردنى دانانى پاس ده‌كه‌ینەوە به‌مه‌به‌ستى گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتییان بۆ سیته‌ك و چیاى ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌، به‌ڵام  كێشه‌ى شوێنى گه‌راجمان هه‌یه‌ بۆ راگرتنى ئه‌م پاسانه‌، ده‌كرێت هێڵێكى گواستنه‌وه‌ دابنێین بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ناو بازاڕى سلێمانییه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت بچن بۆ ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌ و سیته‌ك، یاخود له‌ چه‌ند شوێنێكى ترى سلێمانى پاس دابین بكرێت بۆ گواستنوه‌ى گه‌شتیاران و هاووڵاتیانى له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌، ده‌كرێت تا دره‌نگانێكى شه‌ویش كار بكه‌ن". 

هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كاروان ئه‌نوه‌ر، وته‌بێژى هاتوچۆى سلێمانى بۆ دواڕۆژ وتى: "ئێمه‌ ئه‌ركى رێكخستنى هاتوچۆمان له‌سه‌ره‌، هه‌ر پرۆژه‌یه‌كیش له‌وبواره‌دا بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ هاوكارى ده‌كه‌ین".

دابینكردنى پاسى گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتییان و گه‌شتیاران له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ ئه‌زمه‌ر و گۆیژه‌ و سیته‌ك، جگه‌ له‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییان دەکات، هاوكات ده‌بێته‌ هۆى بووژاندنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌رووى ئابورییه‌وه‌.

زۆربه‌ى فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى سلێمانى پشتگیرى بیرۆکەکەی دواڕۆژ ده‌كه‌ن و ئاماده‌ى هه‌موو هاوكارییه‌كن  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاكۆ عه‌لى، جێگرى سه‌رۆكى شاره‌وانى سلێمانى دەڵێت: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گواستنه‌وه‌ى سلێمانى هه‌ر شتێكمان لێ داوا بكه‌ن هاوكاریان ده‌بین، ئه‌گه‌ر داواى  وێستگه‌ى وه‌ستانى پاس یان چاككردنى شه‌قامه‌كانمان لێ بكه‌ن بۆیان ده‌كه‌ین".

جێگرى سه‌رۆكى شاره‌وانى سلێمانى وتیشى: "كۆمه‌ڵێك گه‌راجى وه‌ستانى پاسمان هه‌یه‌ له‌ناو بازاڕ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گواستنه‌وه‌ى سلێمانییه‌وه‌ به‌كارده‌هێنرێت، ده‌كرێت بۆ گواستنه‌وه‌ى گه‌شتیار و هاووڵاتییان بۆ ئه‌زمه‌ڕ و گۆیژه‌ له‌ گه‌راجى پاسه‌كانى تووى مه‌لیك یان گه‌راجه‌كانى تر چه‌ند پاسێك دابین بكرێت، ئه‌گه‌ر شوێنى ترمان هه‌بێت و بیرۆکەکە چووه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ شاره‌وانى سلێمانى به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاریان ده‌بێت.  

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure