دواى 11 كۆبوونه‌وه‌ پارتى و یه‌كێتی نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن

هەواڵ / کوردستان :: 26/03/2019‌ :: 795‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان تاوه‌كو ئێستا یه‌كێتی و پارتى له‌سه‌ر ئاستى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى 11 كۆبوونه‌وه‌ى فه‌رمیان ئه‌نجامداوه‌، وابڕیاره‌ سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ 26ى ئازار، له‌ هاوینه‌هه‌وارى دوكان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ له‌باره‌ى پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت ئه‌نجامبده‌ن.


له‌ 30ى ئه‌یلولى 2018، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، 177 ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوەو تاوه‌كو ئێستا كابینه‌ى نوێ پێكهنه‌هێنراوە، له‌ماوه‌ى ئه‌و حه‌وت مانگه‌شدا تاوه‌كو ئێستا پارتى و یه‌كێتی 11كۆبوونه‌وه‌ى فه‌رمیان وه‌ك شاندى دانوستانكار ئه‌نجامداوه‌، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌یان له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى پارساڵ بوو، دواین كۆبوونه‌وه‌ش سێشه‌ممه‌ى ڕابردوو 19ى ئازار به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و كۆبوونه‌وانه‌ى له‌ نێوان هه‌ردوولا له‌ باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ ئه‌نجامدراون، شه‌ش كۆبوونه‌وه‌ له‌ شارى هه‌ولێر بووه‌، پێنج كۆبوونه‌وه‌شیان له‌ شارى سلێمانى ئه‌نجامدراوه‌، وابڕیاریشه‌ سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ى هاوبه‌ش كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت له‌  هاوینه‌هه‌وارى دوكان لە پارێزگاى سلێمانى به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌ كۆیى كۆبوونه‌وه‌كانى نێوانى پارتى و یه‌كێتی تاوه‌كو ئێستا دوو رێككه‌وتن كراوه‌، رێككه‌وتنى یه‌كه‌م له‌ 5ى شوباتى 2019 بوو كه‌ تیایدا هه‌ردوولا رێككه‌وتنێكى سێ خاڵیان واژۆكرد له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان و دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى كه‌ركوك، به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك خۆى جیبه‌جێنه‌كرا، ته‌نیا په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ڕۆژى 18ى شوبات، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆى به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ئه‌نجامدا.

له‌ رۆژى 5ى ئازارى 2019، له‌ باره‌گایى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر  رێككه‌وتنێكى سیاسى 18 خاڵى له‌ نێوان هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى واژۆكرا، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ش "دوو لیژنه‌ى هاوبه‌ش به‌مه‌به‌ستى رێككه‌وتن له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى له‌ كابینه‌ى داهاتوودا پێكهێنرا، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن".

له‌سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانى پارتى و یه‌كێتى چه‌ندجارێك شاندى دانوستانكارى هەردوولا له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى و مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حیزبه‌ گۆڕدراون و دواین جاریش هه‌ردوولایان له‌ دوو هه‌فته‌ى ڕابردوودا ئه‌ندامانى شانده‌كه‌یان گۆڕى".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure