ناتواندرێت چاودێری بازاڕە ئۆنلاینەکان بکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 25/03/2019‌ :: 518‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد


لەئێستادا بازاڕە ئۆنلاینەکان لەزۆربوندان و ھاووڵاتیان لەڕێگایانەوە کاڵای جوانکاری و دەرمان و کەلوپەلی ئەلکترۆنی و جلوبەرگ و کارەبایی دەکڕن و زۆرجار هاوڵاتیان لەگەڵ کوالێتی و جۆری داواکاریەکانیان لەبەرھەمەکەی داوای دەکەن کێشەیان بۆ دروست دەبێت.



دونیا جەمال، ھاووڵاتیەکی شاری سلێمانیە ئەو بۆ دواڕۆژ وتی: "کاتێک لەیەکێک لەبازاڕە ئۆنلاینەکان بەرھەمێکی جوانکاریم داواکرد کەبەحساب ئەوروپیە و مارکەیە، بەڵام کاتێک بەدەستم گەشت ئەوەنەبوو کە لەرەسمەکدا بینیبوم وە مارکەش دەرنەچوو تەقلیدبوو نەشمتوانی بڵێم نامەوێت".

وتیشی: "زۆرجار ئەو جلوبەرگانەی داوادەکرێت بەرەسمەکە زۆر جوانە، بەڵام کە بۆت دێنن وەک ئەوەنیە کەچاوەڕێت دەکرد یان قیاسەکەی وەک خۆی نیە بۆیە زۆرجار کێشە دروستدەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو بازاڕە ئۆنلاینە دوکان یان شوێنەکەی دیاریکراوبێت ئەوە شتێکی باشە و دەتوانیت بچیت بیگۆڕیت، بەڵام ئەو بازاڕانە شوێنیان دیار نیە".

بەدەیان بازاڕی ئۆنلاین لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕیکلام بۆ جۆرەھا کاڵادەکەن و تیایدا دەیفرۆشن، بەڵام ئەو بازاڕە ئۆنلاینانە تائێستا نەتواندراوە لەلایەن ھیچ فەرمانگەیەکی حکومیەوە چاودێری بکرێن.

سالار مستەفا ڕەشید، نوێنەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو سیستمە ئەلکترۆنیانە ھیچ دامودەزگایەکی فەرمی حکومەت چاودێریان ناکات و کێشەی زۆریشیان دروستکردووە نەک لە فرۆشتنی خۆراک و جوانکاری بەڵکو لەدەرمانیشدا کێشەیان دروستکردووە.

ڕاشیگەیاند: تێبینی زۆر لەسەر ئەو کەلوپەلانە ھەیە کە دەفرۆشرێت بەتایبەت دەرمان و لەڕووی فرۆشەوە خۆراکی کەم تیایدا دەفرۆشرێت، بەڵام جوانکاری و دەرمان زیاتر تیایدا دەفرۆشرێت.

ڕونیشیکردەوە: تائێستا ھیچ ھاوڵاتیەک نەبووە داوا تۆمارکات لەسەر کڕینی بەرھەمێک لەو بازاڕانە و شتێکی تری بۆ ڕۆشتبێت و ئەو بازاڕانە شوێنیان دیاریکراو نییە، ھەیە لەئۆتۆمبێلێکدا شتومەکی پێیە و لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەیفرۆشێت یان لەماڵەکاندا دەیفرۆشن وە لەسەدا یەک شوێنیان دیاریکراوە کە دوکانیان ھەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا: تائێستا حکومەت بیری لە میکانیزمێک نەکردۆتەوە کە لەژێر چاودێری دەستگایەکی فەرمیدابن تا بتواندرێت کۆنترۆڵیان بکرێت.

سەردەشت عەزیز، شارەزای بواری ئینتەرنێت و ئەلکترۆنی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئەو بازاڕانەی لە کوردستاندا ھەیە ھیچیان لەسەر ئەساسی کۆمپانیای گەورە دروست نەبوون سەرجەمیان تاکەکەسین بۆیە چاودێریکردنیان قورسە کارەکانیان".

دەشڵێت: "بازاڕە ئۆنلاینە جیھانیەکان ناوبانگی خۆیان ھەیە وەک ئامازۆن و عەلی بابا و ئیبەی ئەمانە لەبەر ناوبانگی خۆیان قەت نایەن ئەوشتەی کە دەیفرۆشن لەگەڵ ئەو کوالێتیە نەبێت کە نمایشی دەکەن جیاوازبێت لەبەر ناوبانگی خۆیان، بۆیە لەکوردستان کە نەبووە بە پرۆژەی گەورە کۆنترۆڵ ناکرێت لەبەرئەوەی لەناو ماڵەکاندا ئەم کارە دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "خەڵک لەکوردستان بڕوای بەنرخی بازاڕە ئۆنلاینەکان نییە،  نرخەکان جیاوازی زۆرە کەسێک مۆبایل لەبازاڕی ئۆنلاین دەفرۆشێت ھاوڵاتی دەچێت نرخی بازاڕ تاقی دەکاتەوە پاشان بڕیار لەکڕینی دەدات، بەڵام لە ئەوروپا چونکە نرخ جێگیرە بۆیە ھاوڵاتی نرخی سەر بازاڕە ئۆنلاینەکان دەزانێت کە ھەرزان بێت یان گران.

ئەوبازاڕانە لەکوردستاندا بەو شێوەیە دەمێنێتەوە تاکۆمپانیایەکی گەورە دروستدەبێت و ناوبانگی خۆی بەلاوە گرنگ دەبێت تا سیقەی خەڵک بەدەست بێنێت لەڕوی نرخ و گەیاندن و کوالێتی".

پ: ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure