رێكنه‌كه‌وتنى یەکێتی و پارتی بازاڕی زەوی و خانوو دادەبەزێنن

هەواڵ / ئابوری :: 26/03/2019‌ :: 1231‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، هانا چۆمانی


دوای لابردنی پاشەکەوتی مووچە نرخی زەوی و خانوو و دووکان لەشاری هەولێر، بەشێوەیەکی کتوپڕ لەنێوان (5 بۆ 10) هەزار دۆلار بەرزبوویەوە، بەڵام ئەم هەفتەیە جارێکی دیكه‌ نرخەکان زۆر دابەزین و خاوەن نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنیش دەڵێن: بەهۆی کێشەی نێوان یەکێتی و پارتییە.


نرخی کڕین و فرۆشتن و کرێی خانوو و دووکان و زەوی و زار سەره‌تایی مانگی رابردوو بەرزبوونەوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی تر نرخەکان دابەزین نرخەکان گەڕانەوە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو: سەردار ئازاد خاوەن نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو بۆ دواڕۆژ وتی:" ئەم هەفتەیە نرخەکان دابەزینەوە، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەهەزاران دۆلار نرخەکان شکاون و  گەڕاوەتەوە نرخی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ".

وتیشی: خەڵکانێکی زۆر لەگەڵ لابردنی پاشەکەوتی مووچە و رێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی رویان لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی و دووکان کرد، بەشێکیشیان چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی رێککەوتنی یەکێتی و پارتیان دەکرد بۆ ئەوەی دەست بکەن بە بازرگانیکردن، بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی نەگەیشتنە رێککەوتن خەڵکەکە کارەکانیان راگرت و بەوەش بازاڕی خانووبه‌ره‌، سست بوو خەڵک چاوەڕوان دەکەن".

لەهەرێمی کوردستان زۆربەی جومگەکان بەستراوە بە پرسی سیاسی، چونکە لەهەر جوڵەیەکدا گۆڕانکاری روودەدات، ئابوریناسێکیش بۆ دواڕۆژ، دەڵێت: خەڵک متمانەی نیە و ترسی هەیە لە جوڵەی بازاڕ، سه‌قامگیرى بازاڕ بەندە بە سیاسەت، دەکرێت لەهەر حاڵەتێک سیاسیەکان بەریەک بکەون و خەڵک زەرەر مەندبێت، بۆیە ترسیان هەیە لە بازاڕ".

دکتۆر کاروان ڕەشید مامۆستای زانکۆ رونیكرده‌وه‌، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بازاڕ نرخی جێگیرە و سیستەمی بانکی و چاودێری بازاڕ هەیە و پەیوەست نیە بەسیاسەت، بەڵام لەکوردستان پێچەوانەیە و زۆرجار لێدوانی بەرپرسێک بازار بە گشتی دەوروژێنێت، هۆکاری گرنگیش نەبوونی بەرهەمی ناوخۆ و کۆمپانیای ناوخۆیە وەک ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوو رویدا.

مانگی رابردوو بەهۆی رێککەوتنی پارتی و گۆڕان، واژۆکردنی رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی و پارتی لابردنی پاشەکەوتی مووچە و خەرجکردنی پارەی وەبەرهێنەران لەلایەن حکومەتی هەرێم. 

نرخی خانوو و زەوەی و دووکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە، بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند و جارێکی تر نرخەکان روویان لە دابەزین کرد.

خاوەن نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتن ئەوەش دەخەنەڕوو: پارتی و یەکێتی، چونکە دوو هێزی گەورە و خاوەن بڕیارن هەموو شتێک جوڵەی بازاڕ بەندە بەوانەوە، بۆیە دوای ئەوەی یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت نەگەیشتنە رێککەوتن بازاڕ وەستاو و خەڵک کڕین و فرۆشتنی راگڕت".

حاجی عەزیز دەشتەکی خاوەن نوسینگەی هەولێر بۆ کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو، بۆ دواڕۆژ وتی:" ژمارەیەک خانوو و شوقە و دووکانم لایە دووشەممەی رابڕدوو نرخەکانیان لەنێوان ۱٠ هەزار  بۆ ۱٤ هەزار دۆلار بوو، کڕیاریشیان هەبوو، بەڵام دوای یەک هەفتە نرخەکانیان لەنێوان ۹ هەزار بۆ ۱۳ هەزار دۆلارەو کڕیاریش نیە و خەڵک دەترسێت، ئەگەر یەکێتی و پارتی نەگەن ڕێککەوتن، زیاتریش دادەبەزن و نرخەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ۲٠۱٥ و ۲٠۱٦ و ۲٠۱۷ کە خراپترین دۆخی خانووبه‌ره‌ بوو لەمێژووی هەرێمی کوردستان".

یەکێتی و پارتی کەلە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین کورسیان بردەوە و یەکەم و دووەم لیست بوون ئێستا لەسەر میکانیزمی پێکهێنانی حکومەت لە گفتوگۆدان و تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن و دیاریش نیە کەی کۆبوونەوەکانیان بۆپێکهێنانی حکومەت کۆتایی دێن و رێککدەکەون".

پ:س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure