پێنجه‌م زیندانى سیاسى كورد به‌هۆی مانگرتنه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 181‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

زیندانییه‌كی دیكه‌ی سیاسی كورد له‌ زیندانی شاری ماردینی باكوری كوردستان گیانی له‌ده‌ستدا، په‌كه‌كه‌ش داواده‌كات چالاكی تاكه‌كه‌سی دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و مانگرتن كۆتایی پێبهێنرێت. 

عه‌باس جوڵه‌مێرگی، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی ئازاری 2019) به‌دواڕۆژی وت: "ئه‌مڕۆ زیندانییه‌كی دیكه‌ی كورد كه‌ ماوه‌یه‌ك بوو دژی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجه‌لان مانی گرتبوو له‌ زیندان شه‌هیدبوو". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌ ئێستادا ته‌رمی ئه‌و زیندانییه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ پزیشكی دادی شاری مێردین. 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هه‌ده‌په‌ باسی له‌وه‌شكرد: ئه‌و زیندانییه‌ ناوی (میدیا چنار)ه‌ و خه‌ڵكی باكوری كوردستانه‌. 

گیانله‌ده‌ستدانی میدیا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ پێنجه‌مین زیندانی سیاسییه‌ كه‌ له‌باكوری كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سه‌رجه‌م زیندانییه‌كانیش به‌هۆی چالاكی مانگرتنه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ دژی گۆشه‌گیری سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان زیندانیانی سیاسی كورد له‌ باكوری كوردستان ده‌ستیانپێكردووه‌. 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌مڕۆ كۆمیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌كه‌كه‌ په‌یامێكی ئاراسته‌ی ئه‌و زیندانیانه‌ كرد كه‌ مانیانگرتووه‌ و له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا داوای لێكردون كه‌ واز له‌ چالاكی تاكه‌كه‌سی بهێنن و به‌رخودان به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ و به‌ رێكخراوه‌یی ئه‌نجامبدرێت و پێویسته‌ به‌شێوازی رێكخستنیی، نه‌ك شێوازی تاكه‌كه‌سیی گورز له‌ فاشیزم بدرێت. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure