سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی سێ فراكسیۆن په‌رله‌مان ليژنه‌ هه‌میشییه‌كانى په‌سه‌ندكرد

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 442‌ جار بینراوە
له‌ سه‌رۆكایه‌تى ليژنه‌كان بێبه‌شكراون

دواڕۆژ، ئاریان عه‌لى

ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان ليژنه‌ى هه‌میشییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان په‌سه‌ندكرد و سێ فراكسیۆنیش له‌ پێكهێنانى ليژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان نیگه‌رانن.


(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ى ئازارى 2019) ده‌سته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بڕیاریدا به‌ په‌سه‌ندكردنى سه‌رجه‌م ليژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان، به‌پێى بڕیاره‌كه‌ ده‌بێت سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ر له‌نێو ليژنه‌كاندا هه‌ڵبژێردرێت.

پێكهێنانى ليژنه‌كانى په‌رله‌مانى نیگه‌رانى هه‌رسێ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر سێ فراكسیۆنه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى ليژنه‌كان بێبه‌شكراون.

سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: سه‌ره‌تا بڕیاردرا به‌ پێدانى ليژنه‌ى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ، به‌ڵام دواتر به‌ هاوكارى فراكسیۆنى پارتى و گۆڕان ليژنه‌كه‌مان لێسه‌ندراییه‌وه‌.

هاوكات شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دابه‌شكردنى ليژنه‌كان نادادپه‌روه‌رییه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ كاوه‌ عه‌بدولقادر، ئه‌ندامى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ-ش بۆ دواڕۆژ وتی: "رێككه‌وتنى فراكسیۆنه‌كان وایكردووه‌ ئێمه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تى ليژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان بێبه‌ش بكرێین".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure