پڕۆژه‌یه‌ك بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى هاوڵاتیان له‌ پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 12599‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


سبه‌ى (سێشه‌ممه‌ 26ى ئازاری 2019) ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌باره‌ى دروستكردنى چه‌كى بانكى و دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى فه‌رمانبه‌ران له‌ پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ش ده‌ڵێت: "هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ له‌رێگه‌ی قه‌زره‌كانه‌وه‌".


له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2017، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر پڕۆژه‌یه‌كى بۆ دروستكردنى چه‌كى بانكى فه‌رمانبه‌ران و دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ له‌رێگه‌ى قه‌زره‌كانى سه‌ر فه‌رمانبه‌ران ئاماده‌كرد، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پڕۆژه‌كه‌ى بۆ وه‌زاره‌تى دارایى نارد، به‌ڵام وه‌زارەته‌كه‌ پڕۆژه‌كه‌ى ره‌تكرده‌وه‌، له‌ئێستاشدا جارێكى دیكه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر پڕۆژه‌كه‌ بۆ حكومه‌ت ده‌نێرێته‌وه‌.

دلێر حسێن، ئه‌ندامى ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى لە ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "سبه‌ى سێشممه‌ 26ى ئازار، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كان له‌ پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ و دروستكردنى چه‌كى بانكى بۆ فه‌رمانبه‌ران كۆده‌بێته‌وه‌".

وتیشى: "جارێكى دیكه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بۆ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایى ده‌نێرینه‌وه‌، چونكه‌ ئێستا بارودۆخى دارایى باشبووه‌، هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ دانه‌وه‌ى ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ له‌رێگه‌ی قه‌زره‌كانه‌وه‌".

ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "هه‌موو جۆره‌ فشارێك بۆ سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌ین تاوه‌كو ناچاربكرێت به‌ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌ و دانه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌".

پڕۆژه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، بریتییه‌ له‌ وه‌رگرتنى چه‌كى فه‌رمانبه‌ران له‌بڕى قه‌رزى خزمه‌تگوزارییه‌كانى حكومه‌ت، واته‌ ئه‌و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌ له‌ حیسابى بانكى فه‌رمانبه‌ران، بدرێته‌وه‌ به‌و قه‌رز و خزمه‌تگوزاریانه‌ى كه‌ هاوڵاتیان له‌سه‌ریانه‌، له‌وانه‌ قه‌رزه‌كانى كاره‌با و ئاو و هاتوچۆ و قه‌رزى خانووبه‌ره‌، پێشینه‌ى هاوسه‌رگیرى و قه‌رزى كشتوكاڵ و باج و هه‌ر قه‌رزێكى تر.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure