بەرگری شارستانی هەولێر هاووڵاتیان ئاگادارده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 206‌ جار بینراوە
وێنه‌یه‌ك له‌ روودانى لافاو

دواڕۆژ


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ولێر هاووڵاتیان له‌ ئه‌گه‌رى روودانى لافاو ئاگادارده‌كاته‌وه‌، له‌ڕێگه‌ى راگه‌یه‌نراوێكیشه‌وه‌ چه‌ند رێنماییه‌كى تایبه‌تى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیان په‌یڕه‌ویان بكه‌ن.


ده‌قى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌

هاونیشتمانیانی بەرێز ... 
بەپێی پێشبینییەکانی دەزگای کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئەگەری بارینی بارانێکی بەلێزمە هەیە و ئەگەری دروستبوونی لافاوی لێدەکەوێتەوە، جا بۆ سەلامەتی و پاراستنی سەروماڵی خۆتان و هەموو لایه‌ك وەکو پلانی پێشوەختە  بە پێویست دەزانرێت کە ئەگەر لافاو ڕوویدا رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

۱. سوود لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەرگرن کە پێشوەختە پێشبینیەکانی بارانبارین و ئەگەری لافاو بڵاودەکەنەوە، هەوڵبدەن ئامادەکاریەکانتان لە ڕۆژدابێت، چونکە لەشەودا کاتی زیاتری دەوێت.

۲. ئەو ماڵانەی کە زیاتر شوێنەکانیان ئاوگرە و ساڵانی پێشتر دووچاری ئەم بارە هاتوون، پێویستە کەلوپەل و خواردەمەنیەکانیان ببەنە نهۆمی سەرەوە یان شوێنێکی بەرز بەمەش ئەگەری پاراستنی زیاتری دەبێت.
 
۳. دڵنیابنەوە لەوەی کە زێرابی ماڵ و کۆڵانەکانتان نەگیراون، چونکە دەبێتە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاوی لافاوەکە و دواجار پیسی ناو زێرابەکە دەگەڕێنێتەوە ناو ماڵ و بارەکە ئاڵۆزتر دەکات.

٤. هەوڵبدەن لەو کاتەدا ئەندامانی خێزان هەموو لەماڵەوە لەگەڵ یەکتربن بۆ ئەوەی سەرۆک خێزان سەرقاڵی بەدواداگەڕان و دۆزینەوەی تاکەکانی خێزانەکەی نەبێت. دەشێ بەو نەچوونە دەرەوەتان لەماڵ ببیتەهۆی زووتر رزگارکردنی سەروماڵی هاونیشتمانییان بەوەی ڕێگاکەتان چۆڵکردووە تاکو پیاوانی بەرگری شارستانی بەهانای خەڵکیەوە بچن.

٥. هەوڵبدەن ئۆتۆمبێلەکانتان لەژێر کەپر و لە ژێر دار و درەخت و لە تەك دارتەل (عەمود) ی کارەبا ڕامەگڕن، چونکە  لە نیشانە بەهێزەکانی بارانی بە خوڕ و لافاو، ڕەشەبایە و هەورە تریشقەیە.

٦. ئەگەر لافاوەکە دروستبوو ـ وەک پێشبینی دەکرا ـ ئەوا بێ شلەژان و بە هۆشیاری سەرچاوەی کارەبا و گازی سروشتی بکوژێنەوە، ئاگاداربە بەهیچ جۆرێک دەستکاری هیچ خاڵێکی کارەبایی مەکە کە کوژابێتەوەش دەشێ شۆرتی کردبێ و کارەساتی لێبکەوێتەوه‌.

۷. ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێل بوویت هەوڵبدە بەو رێگایانە دابڕۆیت کە شارەزایت و مەچووە ئەو ڕێگایە کە ژێر ئاو کەوتووە، چونکە لەو کاتانەدا قوڵایی ئاوەکە روننییە. ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت کوژایەوە ئەوا زوو جێی بێڵە، چونکە شەپۆڵی ئاو دەشێ وەریبگێڕێ، یان لەژێر کۆنترۆڵی تۆ دەربچێ و بەرەو رێرەوی ئاوەکە بخزێ.

۸. لەو رۆژەدا هەوڵ مەدە وێنە و ڤیدیۆی لافاوەکە بگریت و بڵاوی کەیتەوە، یاخود کە پردێک یان بەربەستێک کەوتۆتە بەر شەپۆڵی ئاو، هەوڵمەدە لە لێواری سێڵفی بگریت و لێدوان بدەیت، چونکە لەهەر کاتێکدابێت دەشێ هەرەس بێنێت.

 ۹. لەهەر بارێکی نەخوازراو پەیوەندیمان پێوەبکەن لەڕێگەی ژمارەکانی (۱۱٥) وە (۱۲٥) ، ئێمە پشتیوان بە خودا و بە هەماهەنگی لەگەڵ برایانمان لە تیمەکانی شارەوانی و  پۆلیسی فریاکەوتن بەهاناتانەوە دێین.

بەشی رێنمایی مەعنەوی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر

دووشەممە  ۲۰۱۹/۳/۲٥

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure