رووخانی پردێك ڕێگەی دوو ناوچه‌ی كوردستان دادەخات

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 220‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

بەهۆی بارانبارینی زۆر و هاتنی لافاوه‌وه،‌ به‌شێك له‌ پردی ده‌ره‌دۆینی نێوان کەلار - دەربەندیخان ڕووخاوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ رێگەی ئه‌و دوو ناوچه‌یه‌ له‌ رێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌وه‌ داخراوه‌ و ڕێگەی بناری به‌مۆ بۆ هاتوچۆ دانراوه.


كارزان مه‌جید، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی هاتوچۆی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر پردی ده‌ره‌دۆین له‌نێوان كه‌لار - ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی باران و لافاوه‌وه‌ به‌شێكی داڕووخاوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ڕێگەی سه‌ره‌كی نێوان كه‌لار - سلێمانییان داخستووه‌.

وتیشی: "بۆ هاتوچۆ ده‌بێت شۆفێران ڕێگەی بناری به‌مۆ به‌كاربهێنن و ئه‌و رێگەیه‌ش هه‌وراز و پێچی زۆره‌ و پێویسته‌ هاتوچۆكاران زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ ڕێگەكه‌ به‌كاربهێنن و له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتوچۆشه‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ شۆفێران ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان له‌ زیان به‌دووربن".

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر پردی ده‌ره‌دۆین هه‌ر به‌هۆی لافاو و بارانه‌وه‌ به‌شێكی داڕووخا و به‌شێوه‌یه‌كی كاتی چاره‌سه‌ریان بۆ كرد و له‌ ئێستادا به‌شێكی تری پرده‌كه‌ دیسانه‌وه‌ به‌هۆی باران و لافاوه‌وه‌ داڕووخاوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure