هاورده‌كردنی به‌روبومی په‌له‌وه‌ر له‌ 30 وڵاتەوە قه‌ده‌غه‌كرا

هەواڵ / ئابوری :: 25/03/2019‌ :: 185‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم بڕیاریدا به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاوردەی به‌روبومی په‌له‌وه‌ر له‌ 30 وڵاته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

 

بەگوێرەی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لەوەزارەتی كشتوكاڵ كە وێنەیەكی لای دواڕۆژه‌، بڕیاردراوه‌ به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌كردنی به‌روبوومی په‌له‌وه‌ر له‌ 30 وڵاته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

 

لەنوسراوەکەدا هاتووە: بەهۆی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندەوە، ڕێگە نادرێت بەروبومی پەلەوەر لە 30 وڵاتی جیهانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

 

ماجید ده‌باغ، بەڕێوەبەری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و وڵاتانه‌ی لەلایەن رێكخراوی تەندروستی ئاژەڵی جیهانییەوە كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌یان تێدابڵاوبۆته‌وه‌ و دیاریكراون، رێگه‌نادرێت به‌روبومی په‌له‌وه‌ریان بهێنرێته‌ هه‌رێم.

 

ئەو وڵاتانەش بریتین لە هەریەک لە: 

ئێران، میسر،  دانیمارك،  روسیا،  ژاپۆن،  ئه‌فغانستان، مه‌كسیك،  ئه‌فریقای باشور،  هیندستا، چین،  بوركینا فاسۆ، بۆتان،  كۆریای باشور، كۆریای باكور،  نیپاڵ، بولگاریا، هۆنگ كۆنگ، كامیرۆن،  لوكسمبۆرگ،  بۆسنە و هەرسك،  تۆگۆ،  كازاخستان، بەنگلادیش، نەیجیریا، كۆنگۆ، میانمار،  كه‌مبۆدیا و ڤێتنام. 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure