به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ داوایه‌ك ئاراسته‌ى هاووڵاتیان ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 115‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ى كه‌ رووى له‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ تیمه‌كانیان خستووه‌ته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌ و داوا له‌ هاووڵاتیان دەکات روو له‌ ده‌شت و شاخ و كێوه‌كان نه‌كه‌ن.


زانیار عومه‌ر، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ى كه‌ رووى له‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌، ناچارى كردوین سه‌رجه‌م تیمه‌كانمان بخه‌ینه‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ حاڵه‌تى روودانى لافاودا به‌ده‌م هاووڵاتیانه‌وه‌ بچین به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ى له‌ چاڵ و دۆڵه‌كاندا خانوویان تیادا دروستكراوه‌ وه‌ك گه‌ڕه‌كى (گوڵان)".

وتیشى: "داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین له‌ حاڵه‌تێكى زۆر پێویست نه‌بێت روو له‌ ده‌شت و شاخ و كێوه‌كان نه‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ى كه‌شوهه‌واى ناوچه‌كه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ى پێشبینییه‌كانى كه‌شناسی ئەگەر هەیە لافاو له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى عێراق و هه‌رێم رووبدات".

له‌لایه‌كى دیکه‌وه‌ نه‌بیل حه‌مه‌ساڵح، به‌رپرسى به‌شى راگه‌یاندن له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى شاره‌زوور به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌واى سه‌ر له‌به‌یانى وه‌ك ئێستا بوایه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڕیارمانده‌دا كه‌ ده‌وامى خوێندنگەكان رابگرین، به‌ڵام كه‌ ئێستا قوتابیان و خوێندكاران گه‌یشتونه‌ته‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن تاڕاده‌یه‌ك سه‌لامه‌تن مه‌گه‌ر له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یاندا مه‌ترسیان له‌سه‌ر دروست ببێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "ئه‌و قوتابخانه‌ و خوێندنگەیانه‌ى كه‌ ده‌وامه‌كانیان سه‌ر له‌ ئێواره‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌وار هه‌ر به‌م جۆره‌ مه‌ترسیداربێت ئه‌وا بڕیارى راگرتنى ده‌وام ده‌ده‌ین ئه‌وه‌ش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و روونه‌دانى هیچ حاڵه‌تێكى نه‌خوازراو".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە