له‌ ناوه‌ندى قه‌زایه‌کی هەرێم پشوو راگه‌یه‌نرا

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 4161‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سن

به‌یانى (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ى ئازار) به‌هۆى ناله‌بارى كه‌شوهه‌واوه‌ به‌ بڕیارى قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار پشووى رەسمى بۆ ده‌وامى به‌یانیان و ئێوارانى سه‌رجه‌م خوێندنگەكانى كه‌لار راگه‌یه‌نرا.


شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆلى بارانبارین و كه‌شوهه‌وا ناله‌باره‌ى رووى له‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌، به‌هۆى كۆبوونه‌وه‌ى ئاو و زیادبوونى ئه‌گه‌رى دروستبوونى لافاو، بڕیارماندا ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رجه‌م خوێندنگە به‌یانیان و ئێوارانەكان بكه‌ین به‌ پشوو".

وتیشى: "ئه‌م بڕیاره‌ ته‌نیا بۆ قوتابخانه‌كانه‌ و فه‌رمانگه‌كان ناگرێته‌وه‌ له‌پێناو پاراستنى گیانى خوێندكاران".

هاوكات عه‌داله‌ت له‌تیف، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "پێویسته‌ به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان له‌ناو قوتابخانه‌كانى چاوه‌ڕێبكه‌ن، تاوه‌كو دایك و باوكان ده‌چن به‌دواى ئەو خوێندكارانەی کە چوونەتە خوێندنگەكان بۆ دەوام، ئه‌مه‌ش له‌پێناو دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ سه‌لامه‌تى گیانیان".

به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ى كه‌ رووى له‌ هه‌رێمى كوردستان كردوه‌ مه‌ترسى لافاو له‌ به‌شێك له‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، هه‌ر بۆیه‌ لە به‌شێک لەو ناوچانە پشووى رەسمیان راگه‌یاندوه‌.

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure