سه‌ركردایه‌تییه‌كى پارتی: پێكهێنانى حكومه‌ت له‌كاتى خۆیدا ده‌بێت

هەواڵ / کوردستان :: 25/03/2019‌ :: 242‌ جار بینراوە
لۆگۆى پارتى دیموكراتى كوردستان

دواڕۆژ، ئاریان عەلی 

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: لەم مانگەدا دوو كۆبوونەوەی زۆر سەركەوتوویان لەگەڵ یەكێتی ئەنجامداوه‌، ده‌شڵێت: "هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت لەكاتی دیاریكراودا ئەنجامدەدرێت".

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی  ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: "لەم مانگەدا دوو كۆبونەوەی زۆر سەركەوتوو لەگەڵ  یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجامدراون، هەرچەندە رێكنەكەوتووین، بەڵام باش لە یەكتری تێگەیشتووین".

له‌ نوسینه‌كه‌یدا  ئاراس حەسۆ میرخان ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو: "پێكهێنانی حكومەت بەندنییە بەم كۆبونەوانە و پڕۆسەی سیاسی چیتر بۆ هیچ كەس و لایەنێك دواناكەوێت".

ئەو سەركردایەتییەی پارتی بەبێ ئاماژەكردن بە هیچ كاتێك باسی لەوەشكردووە: "پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت لە كاتی دیاریكراودا ئەنجامدەدرێت، تا ئەو كات لەگەڵ یەكێتی بەردەوامدەبین بۆ رێككەوتن، بەڵام حكومەت و خەڵكی كوردستان لە هەموو رێككەوتنێك و رێكنەكەوتنێك بۆ پارتی گرنگترە".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure