په‌رله‌مانى عێراق چه‌ند رێنماييه‌ك سه‌باره‌ت به‌ كاره‌ساته‌كه‌ى موسڵ ده‌داته‌ حكومه‌ت

هەواڵ / عێراق :: 24/03/2019‌ :: 145‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

له‌ دانيشتنى (ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 24ى ئازارى 2019)ى خۆيدا، په‌رله‌مانى عێراق سێ بڕيارى گرنگى سه‌باره‌ت به‌ پارێزگاى نه‌ينه‌وا ده‌ركرد. 


سه‌ره‌ڕاى له‌سه‌ركارلادانى پارێزگار و هه‌دروو جێگره‌كه‌ى، داواده‌كات سه‌رجه‌م قوربانيانى رووداوى نقومبوونى به‌له‌مه‌ گه‌شتيارييه‌كه‌ى ديجله‌ له‌ شارى موسڵ وه‌ك شه‌هيد هه‌ژماربكرێن.

به‌پێى بڕيارێكى په‌رله‌مانى عێراق، كه‌ ژماره‌ (32)ى ساڵى 2019ى له‌سه‌رە، چه‌ند رێنماييه‌كى داوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران و ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌ عێراق، سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ى نقومبوونى به‌له‌مه‌ گه‌شتيارييه‌كه‌ى رووبارى ديجله‌ له‌ موسڵ.

له‌ رێنماييه‌كانى په‌رله‌ماندا هاتووه‌: "لێكۆڵينه‌وه‌ ئوسوڵييه‌كانى تايبه‌ت به‌ رووداوى  به‌له‌مه‌كه‌ ته‌واو بكرێـت، كه‌مته‌رخه‌مه‌كان سزا بدرێن".

خاڵێكى ترى ئه‌و بڕياره‌، رێنمايى داوه‌ته‌ هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و ده‌ڵێت: "قوربانييه‌كانى رووداوه‌كه‌ به‌ شه‌هيد هه‌ژماربكرێن، قه‌ره‌بووى كه‌سوكاريان و برينداره‌كان بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ك مافى سكاڵاكردن بۆ كه‌سوكاريان بهێڵدرێته‌وه‌ دژى ئه‌وانه‌ى هۆكارى رووداوه‌كه‌ بوون".

په‌رله‌مان له‌ رێنماييه‌كانيدا جه‌ختده‌كاته‌وه‌: هه‌موو دۆسيه‌كانى گه‌نده‌ڵى دارايى و كارگێڕى له‌ پارێزگاكه‌ هه‌واڵه‌ى دادگا بكرێت.

ده‌شڵێت: "لايه‌نه‌ دادوه‌رييه‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ يه‌كلاييكردنه‌وه‌ى ئه‌و دۆسيانه‌ى ئاماژه‌يان پێكراوه‌ به‌ خێراترين كات".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە