عێراق و ئوردن و میسر ئاڵوگۆڕى بازرگانى زیاترده‌كه‌ن

هەواڵ / عێراق :: 24/03/2019‌ :: 241‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


لە كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى وڵاته‌كه‌یاندا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، شا عه‌بدوڵاى دووه‌م پادشاى ئوردن و عه‌بدولفه‌تاح سیسى، سه‌رۆكى میسر بەشداربوون تیایدا، باس و خواسى ئابورى گه‌وره‌ترین رووبه‌رى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى داگیركردبوو، له‌سه‌ر زیادكردنى قه‌باره‌ى ئاڵۆگۆڕى بازرگانى و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان پێداگریكرا.

به‌پێى راگه‌یەنراوێكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى لوتكه‌ى هه‌ر سێ وڵات، سه‌رۆكى ئه‌و سێ وڵاته‌ جه‌ختیان كردوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌ هاوبه‌شه‌كان و هاوكارى له‌ كه‌رتى وزه‌ و ژێرخانى ئابورى و دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و زیادكردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و به‌هێزكردنى وه‌به‌رهێنانى هاوبه‌ش.

راگه‌یەنراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ئاشكراشیكردوه‌: سه‌رۆكى ئه‌و وڵاتانه‌، رێككه‌وتوون له‌سه‌ر گرنگى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى خولى، بۆ هه‌ماهه‌نگیكردنى هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانى نێوان ئه‌و سێ وڵاته‌، له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.

به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌ هه‌رسێ لایه‌ن بڕیاریانداوه‌، تیمێك پێكبهێنن بۆ به‌دواداچوونى كاره‌كانى ئه‌و لوتكه‌یه‌ له‌ ژێرچاودێرى سه‌رۆكى ئه‌و سێ وڵاته‌دا، بۆ هه‌ماهه‌نگى ئابورى و په‌ره‌پێدانی پەیوەندییە سیاسى و  ئه‌منى و كەلتورییەکان، هه‌روه‌ك ئه‌و سه‌رۆكانه‌ له‌سه‌رى رێككه‌وتوون.

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure