بەهۆی لافاوەوە بەڕێوەبەری ناحیەیەک هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە
هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2019 :: 1580 جار بینراوە
دواڕۆژ
(ئەمشەو 24ی ئازاری 2019) عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق بەهۆی مەترسی لافاو هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە.
دەقی هۆشدارییەکە:
ئاگاداری هاووڵاتیانی بەڕێزی هەردوو ناحیەی تەق تەق و ئاشتی بە گشتی و ماڵەکانی هەردوو گەڕەکی ڕزگاری و ئاشتی لە تەق تەق و ئەو ماڵ و خێزانانەی ماڵەکانیان یان پڕۆژە و کەلوپەلیان دەکەوێتە حەرەمی زێی بچوک (زێی دوکان)ەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە چاوەڕواندەکرێت شەپۆلێکی بەلێزمە بێت و بۆ ئەوەی کارەساتی نەخوازراو روونەدات، داواتان لێدەکەین کە شوێنە مەترسیدارەکانتان بەجێبهێڵن بچن بۆ شوێنێکی تری بەرزتر یان دڵنیاتر تاوەکو کاتی نەمانی مەترسییەکانی لافاو و ئاوی زێی بچوک.
تکامان وایە ئەم ئاگادارییە وەک خۆی وەربگرن و بۆترساندن و هاتوهاوار نەبێت.
بۆ دڵنیاییتان بەنداوی دوکان هێشتا زیاتر لە مەتر و نیوێکی ماوە بۆ پڕبوون، بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک.
عومەر ئەحمەد
بەڕێوەبەری ناحیه ى ئاشتى و تەق تەق