داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى نه‌ينه‌وا ده‌كرێت

هەواڵ / عێراق :: 24/03/2019‌ :: 186‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانى عێراق، (ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 24ى ئازارى 2019) له‌ دانيشتنى خۆيدا، به‌ كۆى ده‌نگ پارێزگارى نه‌ينه‌وا و هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى له‌سه‌ركارلادا، هه‌روه‌ها زياتر له‌ 100 په‌رله‌مانتاريش داواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكه‌ى ده‌كه‌ن.

بڕياره‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ له‌سه‌ركارلادانى نه‌وفه‌ل حه‌مادى سوڵتان عاگوب، پارێزگارى نه‌ينه‌وا و هه‌ردوو جێگرى يه‌كه‌مى (عه‌بدولقادر عه‌بدولڵا به‌توش سنجارى) و جێگرى دووه‌مى (حه‌سه‌ن زه‌نون سه‌ليم عه‌لاف) ژماره‌ (3)ى به‌روارى ئه‌مڕۆ (24/3/2019)ی وه‌رگرتووه‌.

هاوكات محه‌مه‌د حه‌لبوسى، سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌ دانيشتنه‌كه‌دا ئاشكرايكرد: داوايه‌كى به‌ده‌ست گه‌يشتووه‌ كه‌ (121) په‌رله‌مانتار واژۆیان له‌سه‌ركردوه‌، داواده‌كه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگا هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ و ئه‌ندامانيشى هه‌واڵه‌ى دادگا بكرێن.

سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئاشكراشيكرد: داواكه‌ی ره‌وانه‌ى فه‌رمانگه‌ى ياسايى و راوێژكارى ياسايى په‌رله‌مان كردوه‌، به‌مه‌به‌ستى سه‌يركردنى بۆ ئه‌وه‌ى دواتر له‌ په‌رله‌مان بخرێته‌ڕوو.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure