ئەمریكا چاوەڕوانی راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی مولەرە

هەواڵ / جیهان :: 24/03/2019‌ :: 83‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


هاووڵاتیانی ئەمریكا بە تاسەوە چاوەڕێی وادەی بڵاوكردنەوەی ئەنجامە سەرەكییەكانی ئەو لێكۆڵینەوەیە دەكەن كە 22 مانگە بەردەوامە لەژێر چاودێری لێكۆڵەری تایبەت (رۆبێرت مولەر) سەبارەت بەو قسە و باسانەی كە گوایە روسیا دەستی وەرداوە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا لە ساڵی 2016دا. 


كاربەدەستێكی وەزارەتی دادی ئەمریكا رایگەیاند: وەزیری داد كورتەیەك لە راپۆرتەكەی مولەر ئامادە دەكات.

 

ترامپ كە ئێستا لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەتی لە فلۆریدا، هیچ لێدوانێكی لەو بارەیەوە نەداوە هەرچەندە بەوە ناسراوە كە لەو حاڵەتانەدا بە تویتەر بیروبۆچوونی خۆی رادەگەیەنێت، ئەمەش مانای وایە هێشتا كۆشكی سپی راپۆرتەكەی نەبینیوە. 

 

شەوی هەینی رابوردوو سەرۆكی پەرلەمانتارە دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا داوایانكرد وەزیری داد هەموو راپۆرتەكە بەتەواوی بڵاوبكاتەوە و بەڵگەنامە و ئەنجامگیرییەكانی خۆشی رادەستی كۆنگرێس بكات و نابێت وەزیری داد ناوەڕۆكی راپۆرتەكە بە ترامپ رابگەیەنێت.

 

چەند هەواڵێكی دزەپێكراو دەڵێن مولەر تۆمەتی دیكە ئاراستە ناكات لە راپۆرتەكەیدا و ئەمە مایەی خۆشحاڵی كۆشكی سپییە.

 

مولەری تەمەن 74 ساڵ كە جەنگاوەرێكی دێرینی شەڕی ڤێتنام و بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی (ئێف بی ئای) بووە ماوەی 2 ساڵی تەواو بە نهێنییەكی رەها لەسەر ئەو بابەتە كاری كردوە و ئێستا چارەنووسی ترامپ بەندە بە ناوەڕۆكی راپۆرتەكەی ئەم لێكۆڵەرەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure