دواڕۆژ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى پارتى و یه‌كێتی ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 24/03/2019‌ :: 1898‌ جار بینراوە
چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو جارێكى تر كۆده‌بنه‌وه‌

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆی نێوانیان، جگه‌ له‌ نه‌رمى نواندنى شاندى پارتى بۆ یه‌كێتى، كۆبوونه‌وه‌كه‌ هیچ ئه‌نجامێكى نه‌بووه‌ و رۆژى چوارشه‌ممه‌ش كۆتا كۆبوونه‌وه‌ له‌باره‌ى داواكارییه‌كانى یه‌كێتى له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ ئه‌نجامده‌درێت.


(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی ئازاری 2019) هه‌ردوو شاندنى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان له‌ پیرمام كۆبوونه‌وه‌، به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ى پاكێجى داواكارییه‌كانى هه‌فته‌ى رابردووی یه‌كێتی كه‌ خستبوویانه‌ به‌رده‌م شاندى پارتى کراوه‌ و شانده‌كه‌ى پارتى وه‌ڵامى كۆتاییان له‌باره‌ى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم داوه‌ته‌ شاندى یه‌كێتی، به‌وه‌ى كه‌ ئه‌وان رازین جێگرى دووه‌م بدرێت به‌ یه‌كێتی به‌و مه‌رجه‌ى ئه‌و جێگره‌ ده‌سه‌ڵاتى راوێژكارى هه‌بێت بۆ كاروبارى پێشمه‌رگه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، وەڵامی شانده‌كه‌ى پارتى له‌باره‌ى داواكارى یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆستى وه‌زیرى ناوخۆ و ته‌ندروستى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوودا وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى شانده‌كه‌ى یه‌كێتی به‌ پارتیان راگه‌یاندووە: ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێنه‌كرێت، ئه‌وا ئاماده‌نیین به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بكه‌ن بۆ هه‌موارى یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ردا شاندى پارتى ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ ئه‌گه‌ر به‌شدارى ناكه‌ن ناتوانن پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمیان پێبدەن و له‌ حكومه‌ت به‌ پۆستى دیكه‌ قه‌ره‌بوویان ده‌كه‌نه‌وه‌.

هاوکات هەردوولا به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى رێككه‌وتن رۆژی 27ی ئەم مانگە لە هاوینەهەواری دوکان دووباره‌ كۆببنه‌وه‌.

دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ردوو حزب راگه‌یه‌ندراوێكى هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌: درێژه‌ به‌ كۆبونه‌وه‌كانى نێوانیان ده‌ده‌ن بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى دانوستان و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure