هۆشدارى ده‌درێته‌ هاوڵاتیان لەبارەی لافاوەوە

هەواڵ / کوردستانی :: 24/03/2019‌ :: 364‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، سيروان حەسەن

به‌هۆى پێشبینییه‌كانى كه‌شوهه‌واوه‌ هۆشدارى ده‌درێته‌ هاووڵاتیانى ناوچه‌ى گه‌رمیان و به‌تایبه‌تى ئه‌و گه‌ڕه‌ك و خانوانه‌ى ده‌كه‌ونه‌سه‌ر چه‌مى روبارى سیروان و ناوچه‌ نزمایی و نزیك له‌ رێڕه‌وى ئاوى لافاو. 


شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى ئازارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌پێى پێشبینیه‌كانى كه‌شوهه‌وا له‌مشه‌ودا ئه‌گه‌رى بارانبارینى به‌هێز له‌ ئارادایه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داوا له‌ هاووڵاتیانى سنوورى شارى كه‌لار و گه‌رمیان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ده‌كه‌ین ئاگادار و به‌ئاگابن به‌ تایبه‌تى ئه‌و خانووانه‌ى ده‌كه‌ونه‌سه‌ر چه‌مى رووبارى سیروان و هه‌روه‌ها ئه‌و ماڵ و گه‌ڕه‌ك و ناوچانه‌ی نزیكن له‌ رێڕه‌وى ئاوى لافاو و ناوچه‌ نزماییه‌كانى ده‌وروبه‌رى شاره‌كه‌. 

وتیشى: "هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تیمه‌ فریاگوزارییه‌كان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ چاودێرى ره‌وشه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكى نه‌خوازراویش داواكارین هاووڵاتیان په‌یوه‌ندى بكه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ له‌ ناویاندا به‌رگرى شارستانى به‌ ژماره‌ 115".


هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكى ئه‌كره‌م ساڵح شاره‌وانى كه‌لار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ لایه‌ن تیمه‌كانیانه‌وه‌ پشكنینان بۆ ده‌وروبه‌رى شارى كه‌لار و ئه‌و جۆگه‌و رێڕه‌وانه‌ كردووه‌، كه‌ ئاوى باران و لافاوى پێدا ده‌ڕوان له‌گه‌ڵ دروستكردن و باشتركردنى ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى كه‌لار كه‌ ئاڕاسته‌ى لافاو ده‌گۆڕێت و ناهێلێن بگاته‌ ناو شاره‌كه‌. 

وتیشى: هاوكات له‌ ناو شاریشدا تیمه‌كانیان راسپاردووه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى سه‌ره‌مه‌نهۆڵ و پاككردنه‌وه‌ى ئاوه‌ڕۆكان له‌ هه‌ندێك شوێندا بۆ ئه‌وه‌ى له‌حاڵه‌تى بارانى زۆر ئاو كۆنه‌بێته‌وه‌ و شاره‌وانیه‌كه‌یان به‌ ئامێر و ئۆتۆمبیله‌كانیانه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشیدان. 

هه‌ر به‌هۆى مه‌ترسی لافاوه‌وه‌ هۆشدارى ده‌درێته‌ هاووڵاتیان رێگا خاكیه‌كان لاوه‌كییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ شار و ناحیه‌كانى گه‌رمیان و  پرده‌ كۆنه‌كان به‌ كارنه‌هێنرێت. 

رائید سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وته‌بێژى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند؛ به‌هۆى مه‌ترسى باران و لافاو له‌ لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌موو ئه‌فسه‌رو كارمه‌نده‌كانیان خراونه‌ته‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ حاڵه‌تى نه‌خوزراو به‌ زووترین كات بگه‌نه‌ شوێنه‌ مه‌به‌ست. 

وتیشى: "ته‌واوى ئۆتۆمبیل و موزه‌خه‌و ماتۆڕه‌كانیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ حاڵه‌تى كۆبوونه‌وه‌ى ئاو، یان هه‌ر حاڵه‌تێكى دیكه‌، بتوانن به‌ زووترین كات هاوكارى هاووڵاتیان بكه‌ین هاوكات داواش له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ین ئه‌مشه‌و ڕێگا خاكییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شار و پرده‌ كۆنه‌كان به‌كارنه‌هێنن، مه‌ترسى چه‌قینى ئۆتۆمبیله‌كانیان و روخانى ئه‌و پردانه‌ هه‌یه‌".


پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە