چیرۆكی ئه‌و كچه‌ی نۆ ساڵ له‌زینداندا نه‌ورۆزی بەڕێکرد

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 25/03/2019‌ :: 7570‌ جار بینراوە
وەرگیراو لە گوگڵ

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

ته‌مه‌نی ته‌نیا 17 ساڵ بوو کاتێک به‌ تۆمه‌تی كوشتنی پیاوێك كه‌ 15 ساڵ له‌ خۆی گه‌وره‌تر بوو كه‌وته‌ زیندانی شاری سیرجانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ سێ تۆمه‌تباری دیكه‌ی كوشتن  له‌ ژورێكدا به‌ند كرابوو، دوای ماوەیه‌كی كه‌م به‌ تۆمه‌تی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست سزای له‌ سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.


سارا عابدی،  ئه‌و كچه‌ی ماوه‌ی نۆ ساڵی له‌زینداندا بەسەربردوە و ئێستا ته‌مه‌نی 26 ساڵە و دوو رۆژ پێش نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ئازادکرا، چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی ده‌گێڕێته‌وه‌ و دەڵێت: "من له‌ گوندێكی شاری سیرجان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئێران له‌گه‌ڵ دایكم ده‌ژیام، نزیكەی یه‌ك ساڵ بوو باوكم كۆچی دوایی كردبوو، حسێن ئه‌و كه‌سه‌ی من بۆ به‌رگری له‌ خۆم كوشتم له‌ڕێی یه‌كێك له‌ خزمه‌كانمانه‌وه‌ منی بینیبوو و سه‌ره‌ڕای ئه‌وەی 15 ساڵ له‌ من گوره‌تربوو و خاوه‌ن ژن و منداڵ بوو، به‌ڵام ده‌یویست هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكه‌م، منیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مده‌ویست له‌گه‌ڵ پیاوێكی ژن و منداڵدار هاوسه‌رگیری بكه‌م بۆیه‌ هه‌مووكات ره‌تمده‌كرده‌وه‌".

دەشڵێت: "رۆژی رووداوه‌كه‌ دایكم چووبوو بۆ كانی، من له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌رقاڵی سه‌وزه‌ پاككردن بووم، له‌ ناكاو حسێن هاته‌ به‌رده‌مم و ده‌یویست ده‌ستدرێژی بكاته‌سه‌رم، منیش بۆ ئه‌وەی بكشێته‌وه‌ هاوارم ده‌كرد و لێیده‌پاڕامه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و گوێی لێنه‌ده‌گرتم، بۆیه‌ به‌و چه‌قۆیه‌ی سه‌وزه‌م پێ پاكده‌كرد چه‌ندجارێک هه‌ڕه‌شه‌م لێكرد و ته‌نانه‌ت  به‌ هێواشی چه‌ند چه‌قۆیەکم  له‌ ده‌ستیدا، به‌ڵام له‌ناكاو  پێی له‌ قادرمه‌كه‌ هه‌ڵكه‌وت و به‌سه‌ر چه‌قۆكه‌دا كه‌ به‌ دستمه‌وه‌ بوو كه‌وت و بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی".

زیاتر دەڵێت: "دوای رووداوه‌كه‌ هه‌رچه‌ند ویستم بیسه‌لمێنم نیازی كوشتنی ئه‌و پیاوه‌م نه‌بووه‌ و ته‌نیا ویستومه‌ به‌رگری له‌ خۆم بكه‌م، جگه‌ له‌ دایكم و پارێزه‌ره‌كه‌م كه‌س بڕوای پێنه‌كردم و دواتر له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سزای له‌سێداره‌دانم به‌سه‌ردا سه‌پێندرا و من هیچم بۆ نه‌كرا، خانەواده‌ی حسێن پاره‌یان ده‌ویست ئێمه‌ش پاره‌مان نه‌بوو، دایكم زۆر هه‌وڵیدا و دوایی له‌ خه‌فه‌تدا دڵی وه‌ستا و كۆچیكرد، من له‌ ماوه‌ی ئه‌و نۆ ساڵه‌شدا ته‌نیا شەش جار توانیبووم بیبینم، دوای دایكم به‌ بێكه‌سی له‌ زیندان مامه‌وه‌ و نۆ نه‌ورۆز و هه‌موو كاته‌كانمان به‌بێ ئومێدی و  چاوەڕێی مردن و بینینی دار و دیواره‌ ره‌ش و پیسه‌كانی زیندان به‌ڕێكرد".

باس لەوەش دەکات: "پێش نه‌ورۆزی پار بڕیاری جێبه‌جێكردنی سزای له‌ سێداره‌دانم درابوو، بۆیه‌ له‌ نه‌ورۆزدا زۆر بێتاقه‌ت بووم و پێموابوو ئه‌وە كۆتا نه‌ورۆزی من ده‌بێت، به‌ڵام دوای نه‌ورۆز خزمێكی دورمان بنه‌ماڵه‌ی حسێنی به‌ وه‌رگرتنی 500 ملیۆن تمه‌ن رازی كردبوو له‌ سكاڵاكه‌یان بكشێنه‌وە و به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی ئه‌و پیاوه‌ خێرخوازه‌ من دوو رۆژ پێش نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ ئازادکرام و هاتم بۆ لای پورزاكه‌م و دوای نۆ ساڵ، نه‌ورۆز و نه‌ریته‌ جوانه‌كانیم بینی، خاوێنكردنه‌وه‌ی ماڵ، خواردنی چه‌ره‌ساتی جه‌ژنی نه‌ورۆز و كڕینی جلوبه‌رگی نوێ و بۆنی به‌هار، سه‌یران و گه‌شتكردن بۆ من وه‌كو دوبارە له‌دایكبوونه‌وه‌یە".

لەکۆتایی وتەکانیشیدا دەڵێت: "من ئێستا زۆر خۆشحاڵم و بڕیاره‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ پورزاكه‌م گه‌شت بكه‌ین بۆ به‌نده‌ر عه‌باس، ئه‌و شاره‌ی كه‌ بینینی بۆ من خه‌ون و خه‌یاڵ بوو، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م گه‌شتی من دەبێت له‌ ژیانمدا. هیوام بۆ گشت مرۆڤەکان ئه‌وەیه‌ هیچكات و به‌ هیچ بیانویه‌ك رێیان نه‌كه‌وێته‌ زیندانه‌وه‌ و قه‌دری ئازادی و ژیان له‌ ناو بنه‌ماڵه‌كانیان بزانن، چونکە به‌ڕاستی ئه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه‌".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure