یه‌كه‌م نرخ بۆ تابلۆى ژماره‌ (1)ى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خرێته‌ڕوو

هەواڵ / ئابوری :: 24/03/2019‌ :: 11288‌ جار بینراوە
سه‌رمایه‌دارێك نرخى خۆى پێشكه‌شكرد

دواڕۆژ، عەلی حەمەسعید

سەرمایەدارێک ئامادەیی دەربڕی کە تابلۆی ژمارە (1)ی ئۆتۆمبێل بەناوی پارێزگای هەڵەبجەوە بە بڕی (500) هەزار دۆلار بکڕێت و پێشنیارێکیش بۆ ژمارەکانی دیکە دەکات.


یاسین مەحمود، سه‌رمایه‌دار و خاوه‌نى كۆمپانیاى به‌ڕێز (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى ئازارى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: بۆ ئەوەی پێدانی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ناوی هەڵەبجەوە بکرێتە سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستخستنی داهات، پێشنیارێکم ئاراستەی بەرپرسانی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە کردووە بۆ ئەوەی ژمارە (1) تا ژمارە (99) لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بفرۆشن و پارەکەشی بکەنە داهاتێک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەڵەبجە.

وتیشى: "وەک خۆم ئامادەم بڕی (500) هەزار دۆلار (50 ده‌فته‌ر دۆلار) بدەمە ژمارە (1)ی تابلۆی ئۆتۆمبێلی پارێزگای هەڵەبجە، چونکە لەئێستادا ژمارە (1)ی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر نزیکبووەتەوە لە (700) هەزار دۆلار".

ئەو سەرمایەدارە ئەوەشی خستەڕوو: پێشنیاریشى کردووە کە ژمارە (100) تا ژمارە (199) بخرێتە زیادکردنێکی ئاشکراوە، بەو شێوەیەش نزیکەی (20) ملیۆن دۆلار داهات بۆ هەڵەبجە بەدەستبخرێت و ئیدارەی شارەکەش لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا خەرجی بکەن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure