"بەغدا بە مەرجێکی حکومەتی هەرێم رازی نابێت"

هەواڵ / ئابوری :: 24/03/2019‌ :: 4365‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

حکومەتی هەرێم پێشتر ئاماژەی بەوەکردبوو، ئامادەن نەوت رادەستی حکومەتی عێراق بکەن، بەو مەرجەی بەغدا پارەی قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت بدات، بەغداش لەوبارەیەوە تائیستا هیچ شتێکی رەسمی بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام پەرلەمانتارێک دەڵیت: "مەرجەکەی هەرێم زۆر قورسە و بەغدا رازی نابێت".


شیروان میرزا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئازاری 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: حکومەتی عێراق پێشتر موچەی فەرمانبەرانی بۆ مانگی رابردوو و قەربووی ناردوە و بەپێی یاسای بودجەی عێراقیش، له‌كۆی 12 تریلیۆن دینار، 300 ملیار دینار بۆ خەرجی و كرێی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان کە لەهەرێم کاردەکەن ته‌رخانكراوه، بەوەش حکومەتی هەریم بە رەسمی بە بەغدای راگەیاندوە کە ئەو پارەیە کەمە و ناتوانن قەرزەکان بدەنەوە.

وتیشی: "تاکە مەرجی بەغدا بۆ ناردنی بودجە ئەوەیە کە دەبێت هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستبکات، تاکە مەرجی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە کە دەبێت بەغدا پارەی خەرجی و قەرزی ساڵانی رابردووی کۆمپانیاکان بداتەوە، ئەوەش هەردوولایانی خستەوەتە قۆناغێکی نوێ".

رونیشیکردەوە: هەرچەندە بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات تایبەت بەو پرسە، بەڵام بەغدا بەو مەرجەی هەرێم رازینابێت کە دەبێت پارەی کۆمپانیاکان بدات و ناچێتە ژێر بارەی ئەو داوا و مەرجەی حکومەتی هەرێم بۆ رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure